راپۆرتێک: ترەمپ تاوتوێی دوورخستنەوەی وەزیری جەنگ دەکات
"هۆکارەکەی جەنگی ئێرانە"
کەناڵی "سی بی ئێس نیوز" لە زاری چەندین سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پاش شکستی قورسی پارتی کۆماری لە هەڵبژاردنی کۆنگرێسدا، لەگەڵ راوێژکارە باڵاکانیدا تاوتوێی ئەگەری دوورخستنەوەی پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا دەکات بەهۆی سیاسەتەکانی لە جەنگی ئێراندا؛ هاوکات ناوی رۆن دیسانتس پارێزگاری فلۆریدا وەک جێگرەوەی سەرەکی بۆ وەرگرتنی پۆستی پێنتاگۆن هاتووەتە ئاراوە.
چوارشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2026، بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی CBS News، دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوە راستەوخۆکان و لە رێگەی تەلەفۆنەوە لە راوێژکارەکانی پرسیوە کە ئایا پێویستە پیت هێگسێت لە پۆستەکەی وەک وەزیری جەنگ بمێنێتەوە یاخود نا، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمارییەکان هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانیان بە جیاوازییەکی گەورە بە دیموکراتەکان دۆڕاند.
بەشێک لە یاریدەدەرانی کۆشکی سپی پێشبینی دەکەن کە هێگسێت بەرپرسیارێتیی سەرەکیی شکستەکە بخاتە ئەستۆ، بەو پێیەی جەنگی هەشت مانگەی دژ بە ئێران و لێکەوتە داراییەکانی وەک هۆکاری سەرەکیی تووڕەیی دەنگدەران دەبینرێت، هەروەک چۆن جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش بە ئاشکرا رایگەیاند کە هۆکاری سەرەکیی دۆڕاندنی هەڵبژاردنەکان جەنگ بووە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە لۆمەکردنەکە تەنیا وەزیری جەنگ ناگرێتەوە، بەڵکو دەکرێت لێپێچینەوە لەگەڵ فەرماندە باڵا سەربازییەکانیشدا بکرێت کە راوێژ و پلانی جەنگی ئێرانیان داڕشتووە، لە سەرووی هەموویانەوە، براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم).جەنەراڵ دان کەین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا.
هەرچەندە ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە، بەڵام فشارەکان لەسەر وەزیری بەرگری لە لوتکەدایە؛ پێش هەڵبژاردنەکانیش دیموکراتەکان هەوڵی لێپێچینەوە و دادگاییکردنی هێگسێتیان دەدا لەسەر چەندین دۆسیە، و ئێستاش کە دیموکراتەکان زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنی کۆنگرێسیان بەدەستهێناوە، مەترسیی دوورخستنەوەی بە زۆر لە رێگەی پەرلەمانەوە زۆر زیاتر بووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کەناڵەکەی راگەیاندووە کە ناوی رۆن دیسانتس، پارێزگاری کۆماریی ویلایەتی فلۆریدا وەک بەهێزترین بەدیل بۆ شوێنگرتنەوەی هێگسێت تاوتوێ دەکرێت.
بەپێی ئەو پێشنیازەی خراوەتە بەردەم ترەمپ، دەکرێت دیسانتس لەم ماوە کورتەی کە هێشتا کۆمارییەکان زۆرینەی ئەنجوومەنی پیرانیان لەدەستدایە پێش دەستبەکاربوونی پەرلەمانتارە نوێیەکانی دیموکرات لە مانگی کانوونی دووەمدا، متمانەی ئەنجوومەنی پیران بەدەستبهێنێت، و دوای تەواوبوونی خولی پارێزگارییەکەی لە 5ی کانوونی دووەم، راستەوخۆ پۆستی وەزیری جەنگی ئەمریکا لە پێنتاگۆن وەربگرێت.