سەرکەوتنی دیموکراتەکان پشکەکانی تێسلا و سپەیس ئێکس دادەبەزێنێت
دوای سەرکەوتنی گەورەی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول و دەستبەسەرداگرتنی کۆنگرێس و ئەنجوومەنی نوێنەران، پشکەکانی هەردوو کۆمپانیای "تێسلا" و "سپەیس ئێکس" تووشی دابەزین بوون. ئەم دابەزینە لە دوای نیگەرانییەکان دێت سەبارەت بە ئەگەری توندکردنەوەی رێکارەکانی سەرپەرشتیکردنی ژیریی دەستکرد و دروستکردنی ئاستەنگ لەبەرامبەر پڕۆژەکانی ئیلۆن مەسک.
لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی نوێکردنەوەی نێوەڕاستی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا و کۆنترۆڵکردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران لەلایەن دیموکراتەکانەوە، نرخی پشکەکانی کۆمپانیاکانی ئیلۆن مەسک روویان لە دابەزین کرد.
لە مامەڵەکانی دوێنێدا، پشکی کۆمپانیای "تێسلا" بە رێژەی 3.34% دابەزی و گەیشتە 385.19 دۆلار، هاوكات پشکی کۆمپانیای "سپەیس ئێکس"یش بە رێژەی 3.81% دابەزی و گەیشتە 135.92 دۆلار.
پێش بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان، چاودێرانی بازاڕ هۆشدارییان دابوو لەوەی سەرکەوتنی دیموکراتەکان توانای ئەو پارتە بەهێزتر دەکات بۆ سەپاندنی رێکاری توندتر بەسەر پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد، لەگەڵ توندکردنەوەی چاودێرییەکان بەسەر کارەکانی ئیلۆن مەسک و ئاستەنگ دروستکردن لەبەرامبەر پڕۆسەی تێکەڵکردنی چاوەڕوانکراوی نێوان هەردوو کۆمپانیای "تێسلا" و "سپەیس ئێکس".
جگە لەوەش، سەرکەوتنی دیموکراتەکان لە ویلایەتی تێکساس رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ رکابەرە سیاسییەکانی مەسک تا بە ئاسانی ئاستەنگ بۆ کارەکانی دروست بکەن، بە شێوازێک کە تەنانەت مافی ڤیتۆی کۆشکی سپیش نەتوانێت رێگرییان لێ بکات.
ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی نوێکردنەوەی نیوەی خول، کە تێیدا ئەمریکییەکان دەنگیان بۆ 435 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران و 35 ئەندامی ئەنجوومەنی پیران دا، ئاشکرایان کرد کە پارتی کۆماری کۆنترۆڵی تەواوەتی کۆنگرێسی لەدەستداوە.