حکوومەتی کەنەدا: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا وەک جاران نابێت
حکوومەتی کەنەدا بودجەی نوێی وڵاتەکە پێشکەش دەکات. ئامانجی سەرەکی ئەم بودجەیەش کەمکردنەوەی پشتبەستنی ئابووریی کەنەدایە بە ئەمریکا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا مارک کارنی، بودجەی نوێی وڵاتەکە پێشکەش دەکات. ئامانجی سەرەکیی ئەم بودجەیە کەمکردنەوەی پشتبەستنی ئابووریی کەنەدایە بە ئەمریکا، ئەم هەنگاوەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ و پارتی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی نیوەی خولدا تووشی شکستێکی قورس بوون.
مارک کارنی جەختدەکاتەوە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات وەک پێش سەپاندنی باجە گومرگییەکانی ترەمپی لێ نایەتەوە. حکوومەتی کەنەدا بە پێویستی دەزانێت بە شێوەیەکی خێرا هەمەجۆرکردنی هاوبەشییە بازرگانییەکان بکرێت. ئەم بودجەیە بە ناوی "سەروەری چارەنووسمان" ناسراوە و دووەمین بودجەیە لەوەتەی کارنی ساڵی رابردوو دەستبەکار بووە.
فرانسو فیلیپ شامبان، وەزیری دارایی کەنەدا ئەم هەفتەیە رایگەیاند، پلانی حکوومەتەکەیان لەسەر بنەمای گۆڕینی مۆدێلی گەشەی ئابووریی کەنەدا دارێژراوە. شامبان، کە بودجەکە لە پەرلەمان دەخاتە روو، ئاشکرایکرد ئامانجەکانی بودجەکە بەهێزکردنی بازرگانیی ناوخۆیی لەنێوان ناوچەکانی کەنەدا و هەمەجۆرکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان دەگرێتەوە.
فرانسو فیلیپ شامبان رۆژی چوارشەممە گوتی، بێ گوێدانە ئەو دۆخەی لە باشووری سنوورەکان یان لە جیهاندا روودەدات، کەنەدا توانای خۆڕاگری و هێز و سەربەخۆیی زیاتر بەدەست دەهێنێت. باجە گومرگییەکانی ترەمپ زیانی بە ئابووریی کەنەدا گەیاندووە، بەڵام بەهۆی شکستە گەورەکەی پارتی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی نیوەی خولدا، داهاتووی ئەو سیاسەتە پارێزەرانەیە روون نییە.
جیمی راسکین، ئەندامی دیاری پارتی دیموکراتەکانی ئەمریکا بە دەزگای پەخشی کەنەدای راگەیاند، پارتەکەی کۆتایی بەو باجە گومرگییانە دەهێنێت و هەوڵ دەدات پەیوەندییەکان لەگەڵ دۆستەکانیان وەک کەنەدا ئاسایی بکاتەوە. لەبەرامبەردا دۆمینیک لوبلان، وەزیری بازرگانیی کەنەدا، کە بەرپرسی پەیوەندییەکانە لەگەڵ ئەمریکا، جەختیکردەوە دانوستانەکانی باج لەگەڵ کۆشکی سپی دەکرێن، نەک کۆنگرێس.
لوبلان دووپاتیکردەوە سەرنجی کەنەدا، لەنێویاندا لە بودجە نوێیەکەدا، لەسەر هەمەجۆرکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان دەمێنێتەوە. شامبان گوتیشی، بودجەکە پاڵپشتیی کرێکارانی زیانلێکەوتووی باجە گومرگییەکانی ئەمریکا دەگرێتەوە، بەتایبەت لە کەرتی ئۆتۆمبێل و پۆڵا.
مانگی رابردوو بانکی ناوەندیی کەنەدا بۆ یەکەمجار لە ماوەی سێ ساڵدا رێژەی سوودی بەرزکردەوە. ئەم هەنگاوە هەوڵێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو هەڵاوسانەی بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە سایەی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستبووە.