میوزیکی سەرشەقامی کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل دیاریی مەسرور بارزانییە بۆ هاووڵاتیان
میوزیکی سەر شەقامەکانی کۆڕێ، شەقڵاوە و قەندیل، دیاریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ هاووڵاتیان.
کاتێک بەو شەقامانەدا تێدەپەڕیت، گوێت لە ئاوازی سروودی نیشتمانیی "ئەی رەقیب" دەبێت. بۆ ئەوەی ئاوازەکە بە تەواوی و بە رێکی بگاتە گوێی گەشتیاران و شۆفێران، پێویستە ئۆتۆمبێلەکان تەنیا بە خێرایی 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بڕۆن.
ئەمرۆ پێنجشەممە، 05ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی جووتسایدی (كۆڕێ -شەقڵاوە - قەنديل)ـی كردەوە و گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە گوتارێكدا سەرۆكی حكوومەت گوتی: "شەقامێكی ئێجگار جوان و رێكوپێك دروست کراوە، هەرچەندە زۆریش سەختە ئەگەر تەماشای بكەن، پڕكردنەوە و دابڕینی شاخەكان، بەڵام بەشێوەیەكی زۆر جوان و رێكوپێك و ستانداردێكی نێودەوڵەتی دروستیان كردووە. دەستخۆشی لە كۆمپانیای (نۆرث لایت) دەكەم بۆ جێبەجێكردنی ئەم كارە جوانە و هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو بن، نموونەیان زۆر بێت و بتوانین هەموو رێگەكانی كوردستان بەم شێوەیە، لەم ئاستە باشە دروست بكەین و شارەكانمان بەیەكەوە ببەستینەوە كە بێگومان ئاسانكارییەكی زۆر دەكات بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان، بۆ گەشتیارەكان كە سەردانی كوردستان دەكەن، بۆ بابەتی بازرگانی، كەمكردنەوەی كات، بۆ گەیاندن و پێكەوەبەستنەوەی شارەكان بەیەكەوە، ئەم رێگەیە كاریگەری لەسەر هەموو ئەمانە دەبێت و یارمەتیی هاووڵاتییان دەدات".
سەرۆكی حكوومەت هەروەها هیوای خواست، هاووڵاتییان سوود لەم جووتسایدانە وەربگرن، بەڵام رێنماییەكانی هاتوچۆش لەبەرچاو بگرن بۆ سەلامەتیی خۆیان و سەلامەتیی كەسوكارەكانیان و سەلامەتیی هاووڵاتییانی تر.
لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا، سەرۆكی حكوومەت باسی لەوە کرد، سروودی (ئەی ڕەقیب) لە بەشێكی شەقامەكەدا دەبیسترێ و گوتی: "ئەوەی جیاوازە لەو جووتسایدە كە هەستم پێكرد، سروودی (ئەی رەقیب) لەسەر شەقامەكە دروست كراوە كە ئەگەر لەسەر خێرایی 80 (كیلۆمەتر لە كاتژمێرێك) بڕۆیت، گوێت لە سروودی (ئەی ڕەقیب) دەبێت كە بە راستی شتێكی زۆر جوانە، هیوادارم تاقی بكەنەوە، بەڵام لەسەر خۆ و ئینشائەڵا بەبێ كێشە و گرفت."