ئەردۆغان: هەنگاو بە هەنگاو ئەشکەوت و بنکەکانی پەکەکە چۆڵ دەکرێن
سەرۆککۆماری تورکیا رەتیدەکاتەوە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە سستیی تێکەوتبێت و جەخت دەکاتەوە، پرۆژەی (تورکیای بێ تیرۆر) بەردەوامە و ئێستا ئەشکەوتەکانی ئەو پارتە لەودیو سنوورەکان چۆڵ دەکرێن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتی گەڕانەوەی لە سەردانە فەرمییەکەی بۆ شاری سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور، لە فڕۆکەکەدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، پڕۆسەی ئاشتی (تورکیای بێ تیرۆر) و پرۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەردەوامە و هیچ پاشەکشەیەک لەو بارەیەوە ناکەن.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەبوونی سستی یان لەمپەر لەبەردەم پرۆسەی چەکداناندا، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، پرۆسەکە لەو چوارچێوەیەی یاسا دیاری کردووە بەردەوامە و بە هیچ جۆرێک سازشی لێ ناکەن. هەروەها باسی لەوە کرد، بە وردییەوە چاودێریی هەنگاوەکان دەکەن و لەوانەیە هەندێک جار بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە هەندێک لە پێشکەوتنەکان دەرنەکەون، بەڵام پێداگریی ئەوان زۆر روون و نەگۆڕە.
ئەردۆغان ئاشکرای کرد، ئەشکەوت و بنکەکانی پەکەکە لە ئەودیوی سنوورەکان هەنگاو بە هەنگاو چۆڵ دەکرێن و کارەکانی دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوەش وەک ئەوەی پلانی بۆ داڕێژراوە بەڕێوەدەچن.
سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەشی روون کردەوە، دەستەیەک بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆککۆمار و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت، بە تەواوی ئاگاداری وردەکارییەکانن و کۆنترۆڵی دۆسیەکەیان لە دەستدایە.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووش، ئەردۆغان جەختی کردەوە، دوای ئەوەی چەکدانانەکە بە تەواوەتی جێبەجێ کرا و بە کردار پشتڕاست کرایەوە، دەچنە قۆناخێکی نوێوە. گوتیشی، چارەسەرکردنی پرسێکی وا گەورە پێویستی بە بەڕێوەبردنێکی زۆر هەستیار هەیە، بۆیە گرنگ نییە لە چ لایەکەوە چ قسەیەک دەکرێت، ئەوان سەرجەم ئەو ئەشکەوتانە چۆڵ دەکەن و هەمووان پێکەوە دەبنە شایەتحاڵی کۆتاییهاتنی یەکجارەکیی تیرۆر.
دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ـەوە، دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پێشنیازی کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێتە پەرلەمانی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیەنێت، قۆناخێکی نوێی رەوتی ئاشتی لە تورکیا دەستی پێکرد.
لە ساڵی 2025 و 2026ـەدا، شاندەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) چەندین سەردانیان بۆ دوورگەی ئیمراڵی کردووە، تاوەکو لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گفتوگۆ بکەن.
لەم ماوەیەدا پەکەکە چەندین هەنگاوی هێمایی بۆ چەکدانان ناوە، لەوانە سووتاندنی چەک لە لایەن بەشێک لە گەریلاکانەوە. گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ شوێنێکی نوێ لە ئیمراڵی، وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ پێدانی رۆڵێکی کاراتر بەو سەرکردەیە لە پڕۆسەی چارەسەریدا سەیر دەکرێت، بەتایبەتی دوای پەسەندکردنی (یاسای چوارچێوە) لە پەرلەمانی تورکیا لە هاوینی 2026 کە رێکارەکانی چەکدانان و بەرەوپێشچوونی دیالۆگی رێکخستووە.
پێشتریش شاندی ئیمراڵی هۆشدارییان دابوو، راگرتنی سەردانەکان بۆ لای ئۆجەلان متمانەی نێوان لایەنەکان لاواز دەکات و پڕۆسەکە دەخاتە مەترسییەوە.