سعوودیە مووشەکێکی بالیستیی حووسییەکانی لە مەدینە تێکشکاند

 هاوپەیمانیی شەریعەت بە سەرۆکایەتیی سعوودیە رایگەیاند، مووشەکێکی بالیستییان تێکشکاندووە کە لەلایەن حووسییەکانەوە بەرەو مەدینە ئاراستە کرابوو. ئەم رووداوە لەکاتێکدایە ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان حووسییەکان و سعوودیە بەردەوامە.

پێنجشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2026، راگەیاندنەکەی هاوپەیمانی شەریعەت چەند خولەکێک دوای ئەوەی هات، بەرگریی شارستانی سعوودیە، هۆشدارییەکی پێشوەختەی بۆ ئاگادارکردنەوە لە مەترسییەک لە پارێزگای یەنبوو بڵاوکردەوە. پارێزگایەکی ستراتیژییە و دەکەوێتە سەر کەناراوەکانی دەریای سوور لە رۆژئاوای سعوودیە.

تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانییەکە لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی،: "بەرگریی ئاسمانی مووشەکێکی بالیستیی تێکشکاند و لەناوبرد، کە لەلایەن میلیشیا حووسییەکانەوە بەرەو ناوچەی مەدینە هاوێژرابوو".

حووسییەکان چەندان جار جەختیان لەوە کردووەتەوە، هێزەکانیان مەبەستیان نییە شارەکانی مەکە و مەدینە بکەنە ئامانج. ئەم هەڵوێستە لە چوارچێوەی هەڵمەتی سەربازیی بەردەوامیان دژی سعوودیە دێت، کە تێیدا فڕۆکەخانەکان، دامەزراوەکانی وزە و پێگە سەربازییەکانی سعوودیە کراونەتە ئامانج. لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا ئەو هێرشانە 25 کوژراویان لێکەوتووەتەوە و چەندان جاریش بەندەری یەنبوویان کردووەتە ئامانج.

لای خۆیەوە بەرگریی شارستانی سعوودیە لە پلاتفۆڕمی ئێکس رایگەیاند، هۆشدارییەک لە پلاتفۆڕمی نیشتمانی بۆ هۆشداریی پێشوەختە لە پارێزگای یەنبوو بڵاوکراوەتەوە. دوای نزیکەی 10 خولەکیش، بەرگریی شارستانی کۆتاییهاتنی مەترسییەکەی راگەیاند.