لە حەسەکە هێرشکرایە سەر قوتابیانی کورد و چواریان بریندار بوون

هێرشکردنە سەر خۆپێشاندانی ژمارەیەک لە قوتابیانی کورد لە شاری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکی زۆری لەناو هاووڵاتییاندا لێکەوتەوە، لە کاتێکدا داواکاریی سەرەکیی ئەو خوێندکارانە خوێندن بووە بە زمانی دایک.

خۆپێشاندانی قوتابیانی کورد دژی بڕیارێکی پەروەردەیی بەڕێوەچوو، بەرەو بەردەم بینای پارێزگای حەسەکە بەڕێکەوت، بەڵام لەوێ لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە هێرشکرایە سەریان؛ لە هێرشەکەدا بەردبارانی قوتابیان کرا، چەندین ئۆتۆمبێل تێکشکێنران و هەڕەشەی توند لە منداڵان و قوتابیان کرا، لە ئەنجامیشدا چوار قوتابی بریندار بوون.

دەربارەی ئەم رووداوە، عەبدولڕەحمان مەحموود، ئەندامی نووسینگەی جێبەجێکاری پارێزگای حەسەکە لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند "مافی هەموو هاووڵاتییەکە بە شێوازێکی دروست و ئاشتییانە داوای مافەکانی خۆی بکات، دەرگای ئێمەش واڵایە و دەتوانین هەموو ئەو داواکارییانە جێبەجێ بکەین کە دەکرێن، بەڵام ئەو جۆرە هێرش و توندوتیژییانەی روویانداوە کارێکی تەواو نادروستە، باوەڕمان وایە کە دەستی خراپ و تێکدەر لە پشت ئەم گرژییانەوە هەیە بۆ ئەوەی ئارامی تێکبدەن."

رووداوەکە نیگەرانیی لای دانیشتووانی شاری حەسەکە دروست کردووە و باس لەوە دەکەن، بەهۆی ئەم جۆرە توندوتیژییانەوە، دۆخی ئارامی شارەکە دەکەوێتە مەترسییەوە. هاووڵاتییەکی حەسەکە بە کوردستان24ـی گوت "وەک هاووڵاتییەک جیاوازی نییە کورد بین، عەرەب یان سریانی و ئاشووری، مافی خۆمانە داوای مافەکانمان بکەین، ئەمڕۆش قوتابیانی کورد داوای مافی خوێندنی زمانی خۆیان کردووە، پێویستە دەوڵەت و هێزە ئەمنییەکانیش ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و ئاسایشی خۆپێشاندەران بپارێزن."

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە حەسەکە، هەر کاتێک خۆپێشاندان لەو شارە ئەنجام دەدرێت مەترسی لەسەر ئارامیی گشتی دروست دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی پارێزگاکە هەوڵ دەدەن کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکەن بۆ ئەوەی رێگری لە دروستبوونی هەر جۆرە فیتنە و گرژییەکی نەتەوەیی لە نێوان عەرەب و کورددا بگیرێت.