سەرکەوتنی دیموکراتەکان لە کۆنگرێس ناکۆکی لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ترەمپ دروست دەکات
سەرکەوتنی گەورەی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمریکا، دەرگای ناکۆکیی ناوخۆیی لەنێو حزبدا کردووەتەوە لەبارەی چۆنیەتیی قۆستنەوەی زۆرینەی نوێ، لەنێوان کارکردن لەسەر دابەزاندنی تێچووی گوزەران و چاودێریی تەندروستی، یان فراوانکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەکەی.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی "رۆیەترز"، دیموکراتەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان متمانەی پێداون بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە سیاسەکە ئابوورییەکاندا، بەڵام ناکۆکن لەسەر ئاستی ئامادەیی دەنگدەران بۆ پشتگیریکردنی بەرنامەیەکی پێشکەوتوخوازتر یان رووبەڕووبوونەوەیەکی فراوانتری سیاسی لەگەڵ ترەمپ.
لەو لەپێشینانەی کە رێککەوتنی لەسەر کراوە؛ کەمکردنەوەی تێچووی بیمەی تەندروستی، هەڵوەشاندنەوەی هەندێک لەو داشکاندنانەی کە ئیدارەی ترەمپ بەسەر بەرنامەی "میدیکەیر" بۆ کەمئەندامان و خاوەن داهاتە سنووردارەکاندا سەپاندبووی، کۆتاییهێنان بە باجە گومرگییە مشتومڕاوییەکان، و کارکردن بۆ راگرتنی جەنگ لە ئێران.
لەم بارەیەوە چاک شومەر، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی بە گۆڕانکارییەکی سیاسی وەسف کرد کە کاریگەرییەکەی نەوەکان دەگرێتەوە، بەڵام هۆشداری دا لەوەی کە سەرکەوتنەکە بە متمانەیەکی کراوە نەبینرێت بۆ تێپەڕاندنی هەر یاسایەک.
شومەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەم دەنگدەرانە زۆرینەیان پێنەداین بۆ ئەوەی هەرچیمان ویست ئەوە بکەین". هاوکات حەکیم جێفریز، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، جەختیکردەوە کە چارەسەرکردنی قەیرانی تێچووی گوزەران دەبێتە لەپێشینەی سەرەکیی حزب لە کاتی دەستبەکاربوونی کۆنگرێسی نوێ لە کانوونی دووەمدا.
کاریگەری بەسەر کەرتی تەندروستی
بابەتی چاودێریی تەندروستی لە پێشەنگی ئەو پرسانەدایە کە دیموکراتەکان هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن، ئەوەش دوای ئەوەی کۆمارییەکان لە ساڵی رابردوودا رێگەیان دا بە کۆتاییهاتنی پشتگیریی دارایی فراوان بۆ بەرنامەی بیمەی تەندروستی کە ناسراوە بە "ئۆباما کەیر".
بەگوێرەی رۆیەترز، کۆتاییهاتنی ئەو پشتگیرییە بووە هۆی بەرزبوونەوەی قیستەکانی بیمە بە رێژەی زیاتر لە 50%، ئەوەش ملیۆنان هاووڵاتیی ئەمریکی ناچار کرد چەند مانگێک پێش هەڵبژاردن دەستبەرداری پلانەکانی بیمەی تەندروستی ببن.
لە بەرامبەردا، باڵی پێشکەوتووی حزب داوای هەنگاوی فراوانتر دەکات بەرەو جێبەجێکردنی سیستەمی چاودێریی تەندروستیی گشتگیر "میدیکێر بۆ هەمووان". راندی ڤیلیگاس، ئەندامی نوێی دیموکراتەکان، رایگەیاند کە سنوردارکردن بە چاکسازیی بچووک مەترسیی سیاسیی لێدەکەوێتەوە و دەبێت دیدگایەکی گەورەتر پێشکەش بکرێت.
لێکۆڵینەوەکان لە ترەمپ؛ سەرچاوەی ناکۆکی
سەرەڕای ئەوەی سەرکردایەتیی دیموکراتەکان پلانی دیاریکراویان بۆ لێکۆڵینەوە لە ترەمپ رانەگەیاندووە، بەڵام دیموکراتەکان کۆکن لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی چاودێری بەسەر ئیدارەکەدا و سنوردارکردنی دەسەڵاتی پارەی کۆمپانیا گەورەکان لە سیاسەتدا.
کریس فان هۆلین، سیناتۆری دیموکرات، رایگەیاند کە دەبێت حزب هاوکات کار بکات بۆ لێپرسینەوە لە ئیدارەی ترەمپ لەسەر گەندەڵی، کۆتاییهێنان به جەنگی ئێران، و پێشکەشکردنی بەرنامەیەکی ئابووری کە پشتگیری لە چینە کرێکارەکە بکات.
سەرەڕای ئەوەش، ناکۆکییەکان لە کاتی گواستنەوە بۆ رێکارە کردارییەکان دەردەکەون، بەتایبەت لە پرسی باج لەسەر دەوڵەمەندەکان. لە کاتێکدا فان هۆلین و دیموکراتەکانی دیکە پشتگیری لە سەپاندنی باج دەکەن بەسەر ملیاردێرەکاندا، بەڵام دەنگدەرانی کالیفۆرنیا پێشنیازێکیان رەتکردەوە بۆ سەپاندنی باجێکی تاهەتایی بە رێژەی 5% بەسەر سەروەتەکانیان و ئەوەش بووە جێگەی مشتومڕ.