لە کەرکووک درۆنێکی بۆمبڕێژکراو تەقێندرایەوە
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دیمەنی تەقاندنەوەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا، پاڵپشت بە زانیاریی هەواڵگری و بەدواداچوونی وردی مەیدانی، هێزەکانی دەزگاکە درۆنێکی بۆمبڕێژکراویان لە کەرکووک دۆزیوەتەوە، بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو دوور لە ئاوەدانی تەقاندوویانەتەوە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەمڕۆ هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، لە پەڕەی تایبەتیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دیمەنەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: دوای هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی ئەندازیاریی سوپای عێراق، درۆنەکە و بۆمبەکە هەر لە شوێنی دۆزینەوەیدا بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو تەقێندراونەوە و لەناوبران.
دەزگاکە جەخت دەکاتەوە، چاوکراوەیی و هۆشیاریی هێزەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشە و مەترسییەک لەسەر ئاسایشی وڵات بەردەوام دەبێت، داواشی لە هاووڵاتییان کردووە، لە کاتی بینین و دۆزینەوە هەر تەنێکی نامۆ و گوماناوی، بەبێ ئەوەی دەستکاری بکەن، ئاگاداری تیمەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی یان هێزە فەرمییەکانی دیکەی ئەمنی بکەنەوە.
هەرچەندە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەیداوە، کە سەرچاوەی درۆن و بۆمبەکە نەزانراوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی لە بارەی جۆری درۆنەکە ئاشکرا نەکردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر لە سنووری کەرکووک و چەندجارێک لەلایەن گرووپە میلیشیاکانەوە بەدرۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکراوەتە سەر چەند شوێنێک لە ناوەندی شاری هەولێر و کونسوڵخانەی ئەمریکا، جیا لەمەش لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە کۆتایی ئەیلوولی ئەمساڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان، شانە نووستووەکانی داعش لە سنووری کەرکووک و گەرمیان کەوتوونەتەوە جموجووڵ.