پەرلەمانی تورکیا لیژنەیەک بۆ چاودێریی پرۆسەی ئاشتی دادەمەزرێنێت
نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەدەچێت و بۆ چاودێریی پرۆسەکەش، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی دامەزرێنن.
نومان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، "تورکیایەکی دوور لە تیرۆر جددیترین پرس بوو لە مێژووی کۆمارەکەماندا و گرنگترین پڕۆژەی سەدەی دووەمیشی دەبێت. سەرکەوتوو دەبین".
نوعمان کورتولموش ئەمڕۆ هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، لە وتارێکیدا کە لە رێوڕەسمی دەسپێکردنی ساڵی خوێندنی 2026-2027 لە زانکۆی ئینونۆ، کە لە ناوەندی کۆنگرەی تورگوت ئۆزال لە شاری مەلاتیا بەڕێوەچوو، رایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی لە مێژووی کۆماری تورکیا گرنگترین پرس و پرۆژەی سەدەی دووەمی کۆمارەکە دەبێت.
گوتیشی: بە بڕوای من ئێوەش هاوڕان بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، یەکێک بووە لە ئەرکە قورس و سەختەکانی کۆماری تورکیا لە تەمەنی سەدەی یەکەمیدا، بەهۆیەوە گەلی تورکیا باجێکی قورسیان بە قوربانیدانی داوە و هەزاران کەس کوژراون، جیا لەمە تورکیاش رووبەڕووی بەڵایەک بووەوە و بە هۆیەوە زیانێکی گەورەی ئابووری تووشبوو، کە قەبارەکەی زیاتر لە 2.3 ترلیۆن دۆلارە.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی پرۆسەی ئاشتی رایگەیاند، لیژنەیەکی چاودێری تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە پەرلەمان پێکدەهێنرێت و دەست بە کارەکانی دەکات، جەختیشی کردەوە کە پرۆسەکە بەبێ هیچ دواکەوتنێک بەڕێوەدەچێت.
کورتوڵموش ئاماژەی بەوە دا، لە دوو ساڵی رابردوودا لە چارەسەرکردنی گرنگترین کێشەی تورکیادا پێشکەوتنی گەورە بەدەستهاتووە و زۆرینەی پارتە سیاسییەکانیش پشتگیری لەم پرۆسەیە دەکەن. هەروەها رایگەیاند، پرۆسەکە بە شێوەیەکی شەفاف بەڕێوەدەچێت و پەرلەمانی تورکیا وەک چاودێر بەدواداچوون بۆ هەنگاو و کارەکان دەکات.
راشیگەیاند دەستەی سەرۆکایەتیی کۆماریش لە نزیکەوە چاودێریی پەرەسەندنەکان دەکات، هاوکات لە کاتی پێویستدا ئامادەکاری بۆ یاسای نوێ دەکات و پێشکەشی پەرلەمانی دەکات.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کاتی دامەزراندنی لیژنەی پەرلەمانی، کورتوڵموش دڵنیایی دا کە هیچ جۆرە دواکەوتنێک لە ئارادا نییە و پەرلەمان بە بەشداریکردنی بەرفراوانی لایەنەکان هەنگاوەکان دەبڕێت.
پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا
26ـی تشرینی دووەمی 2024: راگەیاندنی فەرمیی دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی بۆ ئاشتی.
28ـی کانوونی یەکەمی 2024: دیداری پەروین بوڵدان و سەرى سوورەیا ئۆندەر (شاندی دەم پارتی) لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمڕاڵی.
سەرەتای ساڵی 2025: ئۆجەلان لە زیندانەوە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای چەکدانان و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی کرد.
1ـی ئاداری 2025: ڕاگەیاندنی فەرمیی ئاگربەست و ڕەخساندنی زەمینەی گفتوگۆ.
5 - 7ـی ئایاری 2025: بەڕێوەچوونی کۆنگرەی 12ی پەکەکە؛ دەرکردنی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری.
11ـی تەممووزی 2025: وەک هەنگاوێکی هێمادار بۆ قبووڵکردنی پەیامەکەی ئۆجەلان، گرووپێکی 30 کەسی لە گەریلاکان بە سەرۆکایەتیی بەسێ هۆزات (هاوسەرۆکی کەجەکە) لە ڕێوڕەسمێکدا لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری ناوچەی شارباژێڕ / دوکان - سلێمانی، چەکەکانیان سووتاند و کۆتاییان بە شەڕ هێنا.