فراکسیۆنی پارتی: لیژنەیەکی وەزاریی بۆ تاوتوێکردنی بودجە و دۆسییەی نەوت پێکهێنرا

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند لە دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیار درا لیژنەیەکی وەزاری بە سەرۆکایەتیی محەمەد تەمیم و بە بەشداریی شاخەوان عەبدوڵڵا و فراکسیۆنی پارتی بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بودجە، دۆسییەی نەوت و زامنکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.

هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاو کردووە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە دوای کۆبوونەوەی شاندی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، بڕیار درا لیژنەیەکی وەزاریی تایبەت بەسەرۆکایەتیی محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئەندامێتیی وەزیرانی (نەوت، دارایی، و ئاوەدانکردنەوە و دیوانی چاودێری دارایی، لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی کۆببنەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی بەندەکانی پڕۆژەیاسای بودجە و دۆسییەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەم چوارچێوەیەدا، کۆبوونەوەیەک لە نێوان شاندی فراکسیۆنی پارتی بەسەرۆکایەتیی شاخەوان عبدالله، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی وسەرۆکی فراکسیۆن، و شاندی حکوومەت بەسەرۆکایەتیی محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجام درا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، بە وردی گفتوگۆ سەبارەت بە کۆمەڵێک پرسی گرنگ و جێی بایەخ کرا، لە سەروویانەوە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی، دۆسییەی نەوت، زامنکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان؛ لە هەمان کاتدا سەرجەم لایەنەکان هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی دروستکردنی کۆدەنگیی سیاسی لەسەر یاسای بودجە، بە جۆرێک کە زامنی دەستەبەرکردنی مافەکانی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق بکات.

هەر ئەمڕۆ هەینی، سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ناوەرۆکی کۆبوونەوەی لیژنەیەک لە فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ شاندێکی باڵای حکوومەتی فیدراڵ، بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 ئاشکرا کرد.

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەک لە فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ شاندێکی باڵای حکوومەتی فیدراڵ بە بەشداریی جێگری سەرۆکوەزیران، وەزیرانی نەوت، دارایی، شارەوانی و سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی کۆبووەتەوە؛ بە ئامانجی چەسپاندنی مافە دەستوورییەکان و چارەکردنی ریشەیی کێشەی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی بودجەی 2027ـدا.

ئەو پەرلەمانتارە روونی کردەوە، "لە کۆبوونەوەکەدا، بە شێوەیەکی گشتی تێبینییەکانی خۆمان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی بودجەدا گەیاندووەتە وەزیری دارایی فیدراڵ، تاوەکو رەشنووسەکە بە جۆرێک دابڕێژرێتەوە کە مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی تێدا زامن بکرێت."

سەبارەت بە دۆسییەی نەوت و هەناردەکردن، سیپان شێروانی گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا دووپاتمان کردەوە کە پێویستە داواکارییەکانی حکوومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی نەوت، لە ئاستی توانای جێبەجێکردنی هەرێمی کوردستاندا بێت و مەرجی قورس نەخەنەڕوو؛ بە تایبەت کە هەمووان ئاگادارن هەرێمی کوردستان ئێستا توانای بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی نییە، بۆیە پێویستە ئەم پرسە بە شێوازێکی واقیعی یەکلایی بکرێتەوە تا لە داهاتوودا سەر نەکێشێت بۆ دروستبوونی کێشە لە شایستە داراییەکان و مووچەی هاووڵاتییاندا."

ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی ئاشکرای کرد، کە پرسی داهاتی نانەوتی تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بووە؛ گوتیشی: گفتوگۆ و هەوڵەکان بەردەوام دەبن تاوەکو پێش ناردنی رەشنووسەکە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بگەینە رێککەوتنێکی هاوبەش و تێبینییەکانی هەرێمی کوردستان لە ناوەرۆکی رەشنووسی بودجەدا جێگیر بکرێن.