لە کەنداو هێرشکرایە سەر کەشتییەک و دەریاوانێک گیانی لەدەستدا

لە هێرشێکدا بۆ سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کەنداو، کەشتیوانێک کوژرا. کۆمپانیای خاوەن کەشتییەکە رایگەیاند، پێدەچێت هێرشەکە بە مووشەک کرابێت. هاوکات تاران رایگەیاندووە ژمارەیەک کەشتیی بەهۆی بەرکەوتنیان بە مین لە گەرووی هورمز تووشی تەقینەوە بوون.

هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، کۆمپانیای فیلۆس تانگەرز، کە بنکەکەی لە ئەسینایە، لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد: "پێنجشەممەی رابردوو کەشتیوانێک لەسەر کەشتیی نەوتی فیلۆس سافایر کوژراوە". ئاماژەی بەوەشکردووە ئەو کەشتییە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی هەڵگرتووە و لە کاتی رووداوەکەدا بەبێ بار بەرەو بەحرەین دەچوو.

کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات تەقینەوەکە بەهۆی بەرکەوتنی مووشەکێکی نەناسراو بە بەشی پشتەوەی لای چەپی کەشتییەکە بووبێت، ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی ئاگر.

لای خۆیەوە، سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "دوو کەشتی نەوتهەڵگر کە سەرپێچییان کردووە، یەکێکیان لە سنووری رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز و ئەوەی دیکەیان لەناو گەرووەکە، بە مین کەوتوون و لە ئاوەکانی گەرووەکەدا وەستاون".

هاوکات روونیکردەوە، کەشتییەکان سەرجەم سیستەمەکانی ناڤیگاسیۆن و ناسنامەی خۆیان کوژاندووەتەوە و هەوڵیانداوە بە پاڵپشتی سوپای ئەمریکای دەستدرێژکار و تیرۆریست لە گەرووەکە دەرچن.

پێنجشەممەی رابردوو، ئێران رایگەیاند ئاگر لە پێنج کەشتیی نەوتهەڵگر کەوتووەتەوە کە لە شەودا بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕین، ئەوەش بەهۆی بەرکەوتنیان بە مین.

لە بەرامبەردا دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، کاپتنی کەشتییەک کە پێنجشەممەی رابردوو بە گەرووەکەدا تێپەڕیوە، هەواڵی تەقینەوەیەکی لە هێڵی ئاو لە لای چەپی کەشتییەکە لە نزیک کەناراوەکانی عومان راگەیاندووە. دەستەکە روونیکردەوە، سەرنشینانی کەشتییەکە سەلامەتن و کەشتییەکە بە هێزی خۆی درێژە بە گەشتەکەی دەدات.

لەو کاتەوەی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 28ـی ئەیلوول بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، تاران هەوڵی سنووردارکردنی هاتووچۆی دەریایی لە گەرووی هورمزدا داوە، کە نزیکەی 1/5ـی نەوتی جیهان لەو رێگەیەوە دەگوازرێتەوە.

لەو ماوەیەدا کەشتییەکان هەوڵ دەدەن بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە تاران، بە ناڤیگاسیۆن لە تەنیشت کەناراوەکانی عومانەوە بە گەرووەکەدا تێپەڕن. ئێران ئەم کارە بە سەرپێچی لە یاساکان دەزانێت و بەردەوام هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێن دەکات.

ئەمریکا لە وەڵامدا گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و هاوکاری تانکەرەکانی نەوت دەکات بۆ تێپەڕبوون بە گەرووەکەدا. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا مانگی رابردوو رایگەیاند، لە هاوینەوە هاوکاری وڵاتانی کەنداویان کردووە بۆ هەناردەکردنی 1.5 ملیار بەرمیل نەوت لە رێگەی هورمزەوە، هەروەها لە ماوەیەکی کەم لەمەوبەر رایانگەیاندبوو سەرجەم مینەکان لە گەرووەکە پاککراونەتەوە.