زوهێر فەتلاوی: کۆبوونەوەکەی حکوومەت بەهۆی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغداوە دواخرا

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027، بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان دواخرا.

بڕیار بوو ئەمڕۆ شەممە، 07ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 بکات، بەڵام کوردستان24 زانیویەتی، کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەم، دواخراوە.

لەم بارەیەوە زوهێر فەتلاوی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی "ئیشراق قانوون" لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، رایگەیاند، هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکە بۆ ناکۆکیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی دەگەڕێتەوە لەسەر چەند بڕگەیەکی پرۆژەیاساکە پەیوەست بە پشکی هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان نەکراوە. حکوومەتی عێراق پشکی کوردستانی بە 12.67% دیاری کردووە و مەرجی هەناردەکردنی 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاندووە. لە بەرانبەردا، هەرێمی کوردستان داوای کردووە پشکەکەی 14% بێت لە بودجەی گشتیی عێراق و شاندەکەی جەختی کردووەتەوە، ناتوانن رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکەن.

هەر بەپێی زانیارییەکان، حکوومەتی عێراق لە بودجەی ساڵی 2027، بڕی 13 تریلیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، ئەم بڕە پارەیەش بەشی مووچە و خەرجییەکانی ناکات.

لە لایەکی دیکەوە کوردستان24 زانیویەتی، داهاتی عێراق بۆ ساڵی 2027 بە 174 تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە و خەرجییەکانیش دەگەنە 217 تریلیۆن دینار. بەمەش 43 تریلیۆن دینار کورتهێنان لە بودجەدا دروست دەبێت و بڕیارە حکوومەت لە رێگەی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکییەوە پڕی بکاتەوە.

دواجار ئەگەر ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژەیاساکە پەسەند بکات، رەوانەی پەرلەمانی عێراقی دەکات تاوەکو دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە یاسا.

سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاندووە، رۆژی پێنجشەممە، 05ـی تشرینی دووەمی 2026، لیژنەیەکی فراکسیۆنەکەیان لەگەڵ لیژنەیەکی باڵای حکوومەتی فیدراڵ کۆبووەتەوە، کە پێکهاتبوو لە جێگری سەرۆکوەزیران، وەزیرانی نەوت، دارایی، شارەوانی و سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ.

شێروانی ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، چارەکردنی یەکجارەکیی کێشەی مووچە و زامنکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بووە لە بودجەی ساڵی 2027ـدا. لەو چوارچێوەیەشدا، بە درێژی گفتوگۆ لەسەر ئەو ماددە و بڕگانە کراوە کە پەیوەستن بە هەرێمی کوردستانەوە، هاوکات سەرجەم تێبینی و بۆچوونەکانی خۆیان خستووەتەڕوو بە مەبەستی زامنکردنی تەواوی ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، لە رەشنووسی بودجەدا.