حوسێن موحیبی: ئێران لە هاوردەکاری چەکەوە بووەتە هەناردەکار
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، خۆماڵیکردنی پیشەسازییە بەرگرییەکان و پەرەپێدانی کەرتی ئاسمانی گۆڕانکاریی لە پێکهاتەی بەرگریی ئێراندا دروست کردووە، ئێستا لە وڵاتێکی هاوردەکار بووینەتە هەناردەکاری کەرەستەی سەربازی.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی لە زاری حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانەوە بڵاویکردەوە، سەبارەت بە تواناکانی سەربازی، گوتی: خۆماڵیکردنی پیشەسازییە بەرگرییەکان و پەرەپێدانی کەرتی ئاسمانی گۆڕانکاریی لە پێکهاتەی بەرگریی ئێراندا دروست کردووە، ئەمەش وڵاتەکەی لە هاوردەکارێکی چەکەوە گۆڕیوە بۆ بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتوو.
موحیبی ئەوەشی خستە روو، کۆپیکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی "شاهد 136" لەلایەن هێزە جیهانییەکانەوە بەڵگەیەکە لەسەر پێشکەوتنی پیشەسازییە بەرگرییە ناوخۆییەکان. جەختی کردەوە، چەکە پێشکەوتووەکانی ئێران ئێستا پشت بە زانستی نیشتمانی و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی دەبەستن، نەک بە کڕینی دەرەکی یان سوودوەرگرتن لە راوێژکارانی بیانی.
ئەو گوتەبێژە ئاشکرای کرد، کۆمەڵگەی ژێرزەمینی بۆ بەرهەمهێنان و کۆگاکردنی چەک پەرەی پێ دراوە، کە بە گوتەی ئەو، رێگە بە بەردەوامبوونی بەرهەمهێنان لە بارودۆخی جەنگ و لەژێر بۆردومانی چڕدا دەدات و رێگری لەوەش دەکات نەیارەکان بتوانن قەبارەی کۆگای مووشەکیی ئێران بخەمڵێنن.
هاوکات گوتەبێژی سوپای پاسداران باسی لە کەمکردنەوەی شوێنەواری رادار بۆ مووشەکەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و تەیارکردنیان بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی خۆحەشاردان کرد، کە بە گوتەی ئەو، توانایان پێ دەبەخشێت بەناو چینە جیاوازەکانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی مۆدێرندا تێپەڕن و بە وردی بگەنە ئامانجەکانیان.
موحیبی جەختی کردەوە، ئێران توانای بەڕێوەبردن و کارپێکردنی چەکە سووک و قورسەکانی لە بارودۆخی بۆردوماندا هەیە و لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "رێگە نادەین دوژمن رێگریمان لێ بکات لە بەرهەمهێنانی چەک، ئەگەر بۆ ساتێکیش بێت".
ئەو بەرپرسە سەربازییە رایگەیاند، بە ئامانجگرتنی پێگەکانی هێزەکانی دوژمن و بنکە و ژێرخانە گرنگەکانیان، توانای ئێرانی بۆ بەرگری بەهێزتر کردووە.
حوسێن موحیبی گوتیشی: هێزی ئاسمانی زیاتر لە 260 فڕۆکەی دوژمنانیان لە کاتی "جەنگی 40 رۆژە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل" خستووەتە خوارەوە، دەشڵێت: ئەو فڕۆکانەی خراونەتە خوارەوە جۆرەکانی ئێف-35، ئێف-16، ئێف-8 و ئێف-5 لەخۆدەگرن، لەگەڵ ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی پێشکەوتووی دیکە، گوتەبێژەکە بانگەشەی ئەوەشی کرد، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی بەشێکی زۆری کەرەستە و ئامرازە ئاسمانییە پێشکەوتووەکانی هێزە هێرشبەرەکانیان لەناوبردووە.
حوسێن موحیبی روونیکردەوە، هێزەکانی ئێران لە دوو هەفتەی رابردوودا توانیویانە حەوت فڕۆکەی سیخوڕیی بێفڕۆکەوانی جۆری MQM-170 بخاتە خوارەوە.