ئەمریکا گەمارۆکانی سەر ئێران لە دەریاوە بۆ سەر سنوورە وشکانییەکان فراوان دەکات
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، دامەزراندنی هێزێکی ئەرکی تایبەتی بە ناوی "دەروازەی ئاسنین" راگەیاند، بە مەبەستی پەکخستنی رێڕەوە وشکانییەکان و کەناراوەکانی دەریای قەزوین کە تاران بۆ گواستنەوەی چەکی پێشکەوتوو، تەکنەلۆجیای قەدەخەکراو و داهاتە نایاساییەکان بەکاریان دەهێنێت.
شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، فەرماندەی سێنتکۆم فەرمانی پێکهێنانی هێزێکی ئەرکی تایبەتی دەرکردووە کە پاڵپشتی لە هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی ئەمریکا دەکات بۆ رێگریکردن لە ئێران لە بەکارهێنانی رێڕەوە وشکانییەکان بۆ گواستنەوەی چەکی پێشکەوتوو و کەرەستەی دیکە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، فەرمانی داوە بە پێکهێنانی هێزی ئەرکی "دەروازەی ئاسنین" (Task Force Iron Gate)، کە لە ستافێکی ناوخۆیی نزیکەی 20 کەسی لە کارمەندانی سەربازی و مەدەنی پێکدێت و بنکەکەی لە شاری تامپا لە ویلایەتی فلۆریدایە.
ئەم تیمە نوێیەی سێنتکۆم لەگەڵ ئاژانسەکانی دیکەی حکوومەتی ئەمریکا هەماهەنگی دەکات بە مەبەستی رێگریکردن لە جووڵە و گواستنەوەی سیستەمی چەکی پێشکەوتوو، کەرەستە، ماددە قەدەخەکراوەکان و سەرچاوە نایاساییەکانی داهات لە سەرانسەری سنوورە وشکانییەکانی ئێران و دەریای قەزوینەوە.
سەبارەت بەم هەنگاوە، کووپەر رایگەیاند: دامەزراندنی هێزی ئەرکی "دەروازەی ئاسنین" سەرکەوتنی گەمارۆ دەریاییە پۆڵایینەکەمان دژ بە ئێران پتەوتر دەکات، بەهێزکردنی هەماهەنگییەکانی سێنتکۆم لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ئاژانسەکانی دیکەی ئەمریکا، زیاتر تواناکانی ئێران بۆ دابینکردنی دارایی تیرۆر، بونیاتنانەوەی کارگەکانی چەک و پڕکردنەوەی پێداویستییە سەربازییەکانی سنووردار دەکات.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە مانگەکانی رابردوودا، گەمارۆی هێزی دەریایی ئەمریکا رێگری لە ئێران کردووە لە هەناردەکردنی زیاتر لە 25 ملیار دۆلار لە نەوتی خاو؛ هاوکات جەختیشی کردەوە کە جێبەجێکردنی رێوشوێنی توند لە دەریا بەردەوامە دژی سەرجەم ئەو کەشتییانەی دەچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لەوێوە بەڕێدەکەون.