فوئاد حوسێن: دانوستانمان لەگەڵ حزبوڵڵا و نوجەبا بۆ کۆنتڕۆڵی چەک بەردەوامە
"دۆستایەتیی تاران قبووڵ دەکەین بەڵام رێگە بە دەستوەردان لە کاروباری عێراق نادەین"
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوت لە گەرووی هورمزەوە، نزیکەی 60 ملیار دۆلار زیانی پێگەیشتووە، هاوکات هۆشداریی لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی جەنگ لە ناوچەکەدا دا و پەردەی لەسەر داواکارییەکی فەرمیی ئەمریکا لادا بۆ داخستنی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران، جگە لە دوو دەروازە.
شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی جەزیرە، ئاماژەی بەوە کرد، هەلومەرجی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەیە بۆ ئەگەری سەرهەڵدانەوەی جەنگ لە ناوچەکەدا.
هەروەها ئاشکرای کرد، ئەمریکا بە فەرمی داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دابخات، جگە لە دوو دەروازەی سنووری نەبێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران، فوئاد حوسێن روونی کردەوە، بەغدا بە فەرمی ئێرانی ئاگادار کردووەتەوە کە دۆستایەتی و هاوپەیمانێتی لەگەڵیدا قبووڵ دەکات، بەڵام بە هیچ شێوەیەک رێگە بە دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری ناوخۆیی عێراقدا نادات.
ئاماژەی بەوەش کرد، لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق زانیارییان لەبەردەستدایە کە هەندێک لایەنی دەرەکی خاکی عێراقیان بەکارهێناوە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.
لە بارەی پەیوەندییە هەرێمییەکانەوە، وەزیری دەرەوە تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی بەغدا بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکانی لەگەڵ سعوودیە و، جەختی لەوە کردەوە کە عێراق لە رێگەی دیالۆگێکی راشکاو و راستەوخۆوە هەوڵی چارەکردنی تەواوی ئەو کێشانە دەدات.
سەبارەت بە دۆسیەی هەستیاری سنووردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت، فوئاد حوسێن دووپاتی کردەوە، پێویستە ئەم پرسە لە رێگەی دیالۆگەوە چارە بکرێت نەک بە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی. لەو چوارچێوەیەشدا ئاشکرای کرد، سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ چوار گرووپی چەکدار گەیشتووەتە لێکتێگەیشتن لە بارەی رێکخستنی چەکەکانیان.
وەزیری دەرەوە دووپاتی کردەوە، هەردوو گرووپی "عەسائیبی ئەهلی حەق" و "کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا" رەزامەندییان دەربڕیوە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و ڕێکخستنی چەکەکانیان، لە کاتێکدا دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ "بزووتنەوەی نوجەبا" و "کەتیبەکانی حزبوڵڵا" لەسەر ئەو پرسە هێشتا بەردەوامییان هەیە.