تەنیا سوودمەندانی پڕۆژەی هەژماری من دەتوانن مووچەی مانگی 10 وەربگرن
سبەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 دەستپێدەکات
هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 لە سبەینێوە، وەزارەتی دارایی و تیمی پڕۆژەی "هەژماری من" رایانگەیاند: زیاتر لە یەک ملیۆن و 30 هەزار مووچەخۆری کەرتی گشتی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان مووچەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی و لە رێگەی کارتی بانکییەوە وەردەگرن.
بڕیارە سبەی یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم (10)ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات، لەو چوارچێوەیەشدا تیمی پڕۆژەی "هەژماری من" و وەزارەتی دارایی و ئابووری، وردەکاری و ئامارەکانی خەرجکردنی مووچەی ئەم مانگەیان بە شێوەی دیجیتاڵی خستەڕوو.
بە پێی راگەیەنراوی پڕۆژەی "هەژماری من"، تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 150 هەزار مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا خۆیان تۆمار کردووە و تەنیا نزیکەی 25 هەزار مووچەخۆر ماون ناونووس بکرێن. لەو ژمارەیە، یەک ملیۆن و 30 هەزار مووچەخۆر بۆ ئەم مانگە بە شێوەی دیجیتاڵی مووچەکانیان وەردەگرن، هاوکات 28 هەزار کارتی چاپکراو لە بانکە حکوومییەکان ئامادەن بۆ ئەوەی خاوەنەکانیان وەریانبگرنەوە.
پڕۆژەی "هەژماری من" جەختی لەوە کردووەتەوە، تەنیا ئەو مووچەخۆرانەی لە پڕۆژەکەدا تۆمار کراون دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن؛ هەروەها داوا لەو سوودمەندانە دەکات کە کارتەکانیان ئامادەیە بەڵام تا ئێستا وەرینەگرتووەتەوە، بە زووترین کات سەردانی بانکەکان بکەن تا بتوانن لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارەوە (ATM) مووچەکانیان رابکێشن. لە بەرامبەردا، ئەو 15 هەزار مووچەخۆرەی کە لە پڕۆژەکەدا ناویان تۆمار کردووە بەڵام کارتەکانیان نەگەڕاوەتەوە، بۆ ئەم مانگە هاوشێوەی پێشتر مووچەکانیان بە شێوەی کاش وەردەگرن.
پڕۆژەی "هەژماری من" لە ساڵی 2023 لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیەنرا، وەک بەشێک لە کارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم بە ئامانجی مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەهێزکردنی گشتگیریی دارایی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا.
لە چوارچێوەی ژێرخانی تەکنیکیی پڕۆژەکەدا، بانکە بەشداربووەکان نزیکەی 800 ئامێری راکێشانی پارەیان (ATM) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیر کردووە کە بە شێوەیەکی 24 کاتژمێری خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە تا کۆتاییهاتنی تەواوەتیی پڕۆژەکە، ژمارەی (ATM)، هەزار دانە تێپەڕێنێت بە پێی رێسا و ستانداردەکانی بانکی ناوەندیی عێراق.
خشتەی خوارەوە ژمارەی ئەو فەرمانبەرانە روون دەکاتەوە کە مووچەی مانگی 10 بەشێوەی دیجیتاڵی وەردەگرن بەپێی پارێزگاکان:
پارێزگا / ژمارەی سوودمەند
هەولێر / 424,000
سلێمانی / 384,000
دهۆک / 197,000
هەڵەبجە / 25,000
کۆی گشتی / 1,030,000