زەیدی گرێبەستی سێ کۆمپانیای لە فڕۆکەخانەی مووسڵ هەڵوەشاندەوە
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی دا بە هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی گرێبەستی سێ کۆمپانیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ بەهۆی بوونی پەیوەندی و بەستراوەییان بە لایەن و گرووپە چەکدارەکانەوە، هاوکات بڕیاری دا پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکان بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییە باوەڕپێکراوەکان بسپێردرێن.
شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرمانی کرد بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی سێ کۆمپانیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە، ئاشکرای کرد، بە پێی بڕیارەکەی زەیدی،گرێبەستی کۆمپانیای "سکای پڵەس" کە تایبەت بوو بە بەکرێگرتن و بەڕێوەبردنی کاونتەرەکانی فڕۆکەخانەی مووسڵ، بەهۆی پەیوەندیی کۆمپانیاکە بە گرووپە چەکدارەکانەوە، هەڵوەشێندراوە و بڕیار دراوە گرێبەستەکە بدرێتە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکوەزیران فەرمانی کردووە بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی بەکرێگرتنی گەراجی ناوخۆیی ئۆتۆمبێل لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ لەگەڵ کۆمپانیای "سەما ئەلمەتار"، بەهۆی هەمان هۆکار و پەیوەندیی کۆمپانیاکە بە باڵە چەکدارەکانەوە، کە ئەویش دەدرێتە کۆمپانیای جیهانی.
هاوکات ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، کە سەرۆکوەزیران رێنمایی داوە بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی بەکرێگرتنی نووسینگەی تەکسی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ لەگەڵ کۆمپانیای "ئەلفەیسەل ئەلشامخ" بەهۆی بوونی پەیوەندی بە لایەنە چەکدارەکانەوە و، رەوانەکردنی خزمەتگوزارییەکە بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییە پسپۆڕەکان لەو بوارەدا.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ یەکێکە لە فڕۆکەخانە دێرینەکانی عێراق. لە کاتی کۆنترۆڵکردنی شارەکە لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و دواتر لە پرۆسەی رزگارکردنیدا لە ساڵی 2017، زیانێکی زۆری بەرکەوت و بەشێکی زۆری ژێرخانەکەی وێران بوو.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دووشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانەی سەردانی شاری مووسڵ رایگەیاندبوو: بە فەرمی بانگهێشتیان ئاراستەی کۆمپانیا جیهانییەکانی پسپۆڕ لە بەڕێوەبردن و کارپێکردنی فڕۆکەخانەکان کردووە بۆ وەبەرهێنان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی، بۆ ئەوەی لەگەڵ مێژووی دێرینی پارێزگای نەینەوادا بگونجێت.
سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کردبوو، "نامانەوێت ئەو کۆمپانیایانەی دێن تەنیا هۆڵێکی خزمەتگوزاری دروست بکەن، بەڵکو دەمانەوێت ببنە هاوبەشێکی گرنگ بۆ ئەوەی فڕۆکەخانەی مووسڵ بکەنە دامەزراوەیەکی گرنگی خزمەتگوزاری".