ئاگادارییەکی بە پەلە لە وەزارەتی کارەباوە بۆ هاووڵاتییان

وەزارەتی کارەبا دەڵێت: بەهۆی ئەو شەپۆلە بەهێزەی بارانبارین کە ناوچەکەی گرتووەتەوە و لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە مەترسیی روودانی شۆرتی کارەبا، تیمەکان سەرپشک کراون بۆ بڕینی کاتیی تەزووی کارەبا لەو گەڕەک و ناوچانەی ئاویان تێدا کۆبووەتەوە.

شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا، هاووڵاتییانی لەبارەی بڕینی کاتیی تەزووی کارەبا لە چەند گەڕەک و ناوچەیەک ئاگادار کردەوە، کە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی لە کاتی بارانباریندا گیراوەتەبەر.

لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی کارەبادا هاتووە: هاووڵاتییانی خۆشەویست ئاگادار دەکەینەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ناوچەکەمانی گرتووەتەوە و لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانتان لە مەترسیی روودانی شۆرتی کارەبا، لە هەندێک گەڕەک و ناوچە، بە تایبەت ئەو شوێنانەی ئاو لێیان کۆبووەتەوە، وەزارەت تیمەکانی سەرپشک کردووە بۆ بڕینی کاتیی تەزووی کارەبا لە هەر شوێنێک کە مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست بکات.

وەزارەتی کارەبا، هاوکات دڵنیایی دایە هاووڵاتییان سەبارەت بە سروشتی ئەم رێکارە و جەختی لەوە کردەوە، دڵنیاتان دەکەینەوە کە تەنیا هۆکاری ئەم بڕینە کاتییە پاراستنی گیانی ئێوەی ئازیزە و، لەگەڵ ئاساییبوونەوەی رەوشەکە و نەمانی مەترسییەکان، دەستبەجێ تەزووی کارەبا بۆ ئەو گەڕەک و شوێنانە دەگەڕێندرێتەوە.