ئەردۆغان و ترەمپ تاوتوێی دۆخی ئێران و جەنگی رووسیا و ئۆکرانیایان کرد
رەجەب تەییب ئەردۆغان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پرسی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران، و جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینای تاوتوێ کرد.
شەممە 7ی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنیی لە نێوان رەجەب تەییب ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئەنقەرە و واشنتن لەگەڵ پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەردۆغان باوەڕی خۆی دەربڕیوە کە هاوکارییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا بەردەوام دەبن لە گەشەسەندن و لە قۆناخی داهاتوودا هەردوولا کار دەکەن بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەبارەت بە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆتاییان پێبهێنرێت و کێشەکان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن، هاوکات دووپاتی کردەوە تورکیا لەسەر کارکردن لە پێناو ئاشتیدا بەردەوام دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، ئەردۆغان هیوای خواستووە ئەو هەوڵە دیپلۆماسییە چڕانەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەدرێن ئەنجامی ئەرێنییان هەبێت، جەختیشی لەوە کردووەتەوە تورکیا بەردەوام دەبێت لە بەشداریکردن لەو هەوڵانەدا و پێویستە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەردوو لایەندا زیاد بکرێن.