ترەمپ پۆستی سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی پێشکەشی شەڕکەرێک دەکات

دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند، پۆستی سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی پێشکەش بە دانا وایت، سەرۆکی رێکخراوی پاڵەوانێتیی هونەرە جەنگییە تێکەڵەکان (UFC) کردووە و داواشی لێکردووە چەندین پاڵەوانی جیهانی لەگەڵ خۆی بهێنێتە کۆشکی سپی بۆ بەرگریکردن لە ئیدارەکەی.

شەممە 7ی تشرینی دووەمی 2026، ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: "خۆشحاڵم بە راگەیاندنی ئەوەی کە دانا وایتی مەزن، کە شەڕکەر و جەنگاوەرێکی توندوتیژە، پۆستی سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی پێشکەش کراوە. داوام لێکردووە یاریدەدەرەکانیشی لەگەڵ خۆی بهێنێت، تەنانەت ئەگەر هەندێکیشیان خەڵکی وڵاتەکەمان نەبن."

سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا ناوی ژمارەیەک لە پاڵەوان و ئەستێرە دیارەکانی (UFC) هێناوە بۆ ئەوەی وەک تیمی راگەیاندن لەگەڵ دانا وایت دەستبەکار بن، لەوانە: ئیسلام مەخاچێڤ، حەبیب نورماگۆمێدۆڤ، جەستن گەیچی، دانیال کۆرمێر، ئەماندا نونێز و کەیلا هاریس.

سەبارەت بە هۆکاری دەستنیشانکردنی ئەو پاڵەوانانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی رۆژنامەنووسان و نەیارەکانی لە کۆشکی سپی، ترەمپ دەڵێت: "پێویستمان بەم کەسانەیە تا لە دژی چەپە شێتەکان بەرگریمان لێبکەن. دانا دەبێتە گوتەبێژێک کە هاوشێوەی نەبووە؛ دانا، تکایە پۆستەکە قبووڵ بکە".