سبەی لە سەرجەم قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی کرایە پشوو
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانی قوتابییان، بڕیاردرا سبەی یەکشەممە لە سەرجەم باخچەکانی ساوایان و قوتابخانە حکوومی و ناحکوومییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی پشووی فەرمی بێت.
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا، ئاشکرای کرد: "لەسەر داوا و راوێژی بەڕێزان بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی تر و، لە پێناوی سەلامەتیی خوێندکاراندا، بڕیارماندا سبەی یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، لە سەرجەم باخچەکانی ساوایان و قوتابخانە و خوێندنگە حکوومی و ناحکوومییەکانی سنووری پەروەردەی پارێزگای سلێمانیدا پشوو بێت."
ئەم بڕیارەی پارێزگای سلێمانی لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتەدایە کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە درابووە پارێزگارەکان، تاوەکو لە کاتی نالەباریی کەشوهەوا و بەردەوامیی شەپۆلی بارانباریندا بەپێی پێویست بڕیار لەسەر راگرتنی دەوامی ناوەندەکانی خوێندن بدەن.