سەرۆکی شارەوانیی هەولێر: ئۆتۆمبێلێک کەوتووەتە ناو کەندێک و منداڵێک بێسەروشوێنە
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند: بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە، ئۆتۆمبێلێک لە نزیک گەڕەکی هەولێری نوێ کەوتووەتە ناو کەندێکەوە؛ دوو کەسی تێدا بووە باوک و منداڵێکی 5 ساڵان بوونە، باوکەکە توانیویەتی خۆی ڕزگار بکات، بەڵام منداڵەکەی تا ئێستا بێسەروشوێنە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی و شارەوانی لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەی.
شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە وەک شارەوانی لە چەند رۆژی رابردووەوە سەرجەم رێکارە پێویستەکانمان بۆ پێشگرتن لە دروستبوونی لافاو گرتبووەبەر، بەڵام بڕ و چڕیی بارانبارینەکە بە جۆرێک زۆر بوو کە بە تەواوی چاوەڕواننەکراو و پێشبینینەکراو بوو.
ئاماژەی بەوەش کرد، بە داخەوە بەشێک لە هاووڵاتییان هاوکار نەبوون لە چۆڵکردنی شەقامەکان، بەڵکو بەهۆی قەرەباڵخییەوە بوونە بەربەست لەبەردەم تیمەکانی شارەوانی تا بە زوویی بگەنە ئەو شوێنانەی لافاویان لێ دروست ببوو.
سەبارەت بە رووداوێکی نەخوازراو لە سنووری شارەکەدا، کارزان هادی ئاشکرای کرد، بە داخەوە لە نێوان شەقامی 120 مەتری و گەڕەکی هەولێری نوێ، ئۆتۆمبێلێک کەوتووەتە ناو کەندێکی ئاوەوە کە باوک و کوڕێکی تێدابووە؛ باوکەکە توانیویەتی خۆی لە خنکان ڕزگار بکات، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا کوڕە تەمەن 5 ساڵاکەی بێسەروشوێنە.
گوتیشی: ئێستا تیمەکانی شارەوانی و بەرگریی شارستانی لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دەرهێنانی ئۆتۆمبێلەکە و دۆزینەوەی منداڵەکە.
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر پەیامێکی دڵنیایی ئاراستەی هاووڵاتییانی زیانلێکەوتوو کرد و گوتی: دڵنیایی دەدەینە هەموو ئەو هاووڵاتییانەی کە ئاو چووەتە ناو ماڵەکانیان، سبەی یەکشەممە تیمەکانمان سەردانیان دەکەن و هاوکارییان دەکەن ئەگەر پێویستیان بە هەر شتێک بێت؛ ئێستا سەدان کارمەندی شارەوانی لەسەر شەقامەکان لە ئەرکدان بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی و گیانی هاووڵاتییان.
لە ئەنجامی هاتنی شەپۆلێکی چڕ و پێشبینینەکراوی بارانبارین بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە چەقی قورساییەکەی لەسەر سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری بوو، لە چەندین گەڕەک و شەقامی سەرەکیی شارەکە لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاو دروست بوو.
بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی ئاو لە سنووری شارۆچکەی کەسنەزان و گەڕەکی هەولێری نوێ، بووە هۆی زیانگەیاندن بە دەیان ماڵ و ژێرئاوکەوتنی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان، لە پاڵ دروستبوونی ئاستەنگییەکی قورسی هاتوچۆ لە زۆربەی جومگەکانی شارەکەدا.