گۆتێرێز: دەبێت سەرکردەکانی جیهان هەوڵی زیاتر بۆ کەشوهەوا بدەن
ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەروبەندی دەستپێکردنی دانوستانەکانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان لە تورکیا، پەیامێکی ئاراستەی سەرکردەکانی جیهان کرد. بڕیارە ئەو دانوستانانە سبەی دووشەممە دەست پێبکەن.
لە دەیەی رابردوودا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەردەوام هۆشداریی توند و روونی لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا داوە، کە بەهۆی سووتاندنی سووتەمەنیی بەردینی وەک نەوت و گازەوە دروست دەبێت.
ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سێ ساڵ لەمەوبەر رایگەیاند، "سەردەمی کوڵانی جیهانی دەستیپێکردووە". ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی دیاردە توندەکانی کەشوهەوا، کە هەردووکیان دەرئەنجامی راستەوخۆی گۆڕانی کەشوهەوان.
ئەمە دوایین گوتاری گۆتێرێز دەبێت لەبارەی پرسی گەرمبوونی جیهان لە پۆستی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، چونکە خولی دووەم و کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لە کۆتایی ئەمساڵدا تەواو دەبێت.
هەستکردن بە پێویستیی هەنگاوی بەپەلەش لە جیهانێکدا بەدی دەکرێت کە شەپۆلە کوشندەکانی گەرما، زریان، لافاو و وشکەساڵی تێیدا روو لە زیادبوونن. ئەم دۆخە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەردەوامی پلەکانی گەرما و دیاردەی نینۆ، کە نەزمێکی سروشتیی کەشوهەوایە و دەبێتە هۆی تێکچوونی سیستەمە کەشوهەواییەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
گۆتێرێز لە کۆنفرانسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بە "کۆپ 31" ناسراوە و لە 9 تا 20ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، بە سەرکردەکانی جیهان دەڵێت: "ئەمە ساتەوەختی راستییە. ئیتر ناتوانین چاوەڕێ بکەین و ناتوانین دانوستانی بێکۆتایی بکەین کە تێیدا هەمووان هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتی بخەنە ئەستۆی یەکتر. دەبێت هەمووان ئێستا هەوڵی زیاتر بدەن".
پەیامی "ساتەوەختی راستی" هێندە گرنگە، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی 20 خولەکی چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئەسۆشێتد پرێس، لە نووسینگەکەی خۆی لە نهۆمی 38ـی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، سێ جار ئەو دەستەواژەیەی بەکارهێنا.
گۆتێرێز لەو چاوپێکەوتنەدا باسی لە دوایین هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ماوەی دە ساڵەی سەرۆکایەتییەکەی کرد. لەو ماوەیەدا بووەتە یەکێک لە دیارترین ئەو کەسانەی هانی وڵاتان دەدات بۆ ئەوەی هەوڵی زیاتر بدەن لەپێناو کەمکردنەوەی دەرهاویشتەی ئەو گازانەی گەرما لە بەرگەهەوادا دەهێڵنەوە.