سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان داوای ناوی ئەندامانی لیژنەی یاسایی دەکات

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان داوا دەکات تا سبەی ناوی ئەندامانی لیژنەی یاسایی رادەست بکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24 ـی راگەیاند، هەروەک لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە داوا لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کراوە، داوا دەکەن سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان، تاوەکو سبەی ناوی ئەندامانیان بۆ لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان پێشکەش بکەن، بۆ ئەوەی ئەو لیژنە کارەکانی دەستپێبکات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 ـیش چەند فراکسیۆنێک ناوەکانیان ئامادە کردووە و ئەمڕۆ و سبەی پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی دەکەن. لیژنەی یاسایی یەکێکە لە گرنگترین و کاریگەرترین لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان و زۆرینەی پڕۆژەیاساکان ئاراستەی ئەو لیژنە دەکرێن بۆ ئەوەری رێڕەوی یاسایی بۆ دیاری بکرێت.

رۆژی چواری 11 ـی 2026 بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار پەرلەمانی کوردستان کارا کرایەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا، کە هەریەکە لە ڤالا فەرید بە 52 دەنگ بە سەرۆکی پەرلەمان و رامی نووری بە 52 دەنگ بە جێگری سەرۆکی پەرلەمان و مونا قەهوەچی بە 52 دەنگ بە سکرتێری پەرلەمان هەڵبژێردران