دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاری ئاوارە و پەنابەران دەکات
هیچ بڕێک نەوتی سپی لە لایەن عێراقەوە بۆ کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە و سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەڵێت؛ حکوومەتی عێراق تا ئێستا ئەرکەکانی بەرامبەر بە پەنابەران و ئاوارەکان جێبەجێ نەکردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئاشکرای کرد، لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی زستاندا، تا ئێستا هیچ بڕێک نەوتی سپی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە.
سەرۆکی دزگای خێرخوازیی بارزانی جەختی کردەوە لەگەڵ ئەوەی چەندین جار داوای هاوکارییان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچکام لە بەڵێن و ئەرکەکانیان جێبەجێ نەکراوە.
موسا ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند ساڵی رابردوودا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاستی هاوکارییەکانیان کەمی کردووە و هاوکارییەکانیان بۆ ئاوارە و پەنابەران وەکوو پێویست نین. ئەوانیش چاوەڕێی ئەوەن حکومەتی عێراق ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی بەرامبەر بە پەنابەران و ئاوارەکان جێبەجێ بکات، تاکو ئەوانیش بتوانن هاوکارییەکانیان بەردەوام بکەن.
مووسا ئەحمەد هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، هاوکارییەکانیان تەنیا بۆ پەنابەرانی کەمپەکان نین، بەڵکوو ئیستا بەشێکی زۆری پەنابەران و ئاوارەکان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین و پێویستیان بە هاوکاری و پاڵپشتییە بۆیە وەک دەزگای خێرخوازی بارزانی ئەو ئەرکەشیان لەسەر شانە. گوتیشی لە کۆی گشتی ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی 35 لە سەدیان لە کەمپەکان و 65 لە سەدیان لە دەرەوەی کەمپەکان نیشتەجێن.
سەرۆکی دزگای خێرخوازیی بارزانی جەختی لە بەردەوامبوونی هەوڵەکانیان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی پەنابەران و ئاوارەکان کردەوە و ئاماژەی بە گرنگیی هاوکاریی کەسانی خێرخواز کرد، بە تایبەتی لە دۆخێکدا کە پێویستییە مرۆییەکان زیاد دەکەن و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان کەمیان کردووە.
هاوکات دەزگای خێرخوازی بارزانی بەرنامەیەک لە کۆنگرێسی ئەمریکا پێشکەش دەکات، لە رێگەی خوناڤ ئەمین نوێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ئەمریکا و بەرنامەکە بە ناونیشانی "پارێزەری مرۆڤایەتی" لە کۆنگرێسی ئەمریکا پێشکەش دەکرێت و لە چوارچێوەی بەرنامەکەدا رێز لە قوربانیانی پێشمەرگە و سەربازانی ئەمریکا دەگیرێت.