رابەر حوسێن: پێشبینی دەکەین ئێوارەی ئەمڕۆ وێستگەکانی ئیفراز دەست بە کارکردن بکەنەوە

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی دابەزینی بەرچاوی رێژەی لێڵیی ئاو لە زێی گەورە، پێشبینی دەکرێت ئێوارەی ئەمڕۆ وێستگەکانی ئیفراز دەست بە کارکردن بکەنەوە و پرۆسەی دابەشکردنی ئاو بۆ ماڵان دەست پێبکاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی: "تا ئێستا وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز 1، 2 و 3 بەهۆی قوڕولیتە و لێڵیی ئاوەکەوە راگیراون، چونکە ئاستی لێڵیی رووبارەکە نزیکەی 4000 یەکەیە، لە کاتێکدا هێڵەکانی ئێمە کاتێک ئاستەکە بۆ نزیکەی 1000 یەکە دادەبەزێت توانای کارکردنیان دەبێت".

سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی دابەشکردنی ئاو، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر روونیکردەوە: "بەگوێرەی ئەو خێراییەی ئاوەکەی پێ خاوێن دەبێتەوە، مەزەندە دەکەین لە کاتی مەغریب و عیشادا بتوانین وێستگەکان پێبکەینەوە و دابەشکردنی ئاو بۆ ماڵان دەست پێبکاتەوە، بە مەرجێک دابەزینی ئاستی لێڵییەکە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت".

ئەمڕۆ، حوسێن هۆکاری راگرتنی کاتیی وێستگەکانیشی ئاشکراکرد و رایگەیاند: "لە شەوی رابردووەوە بەهۆی بارانبارین و لافاوەوە، رێژەی لێڵیی ئاو لە زێی گەورە لە نزیک وێستگەکانی کێشانی ئاوی ئیفراز 1، 2 و 3 بە شێوەیەکی پێوانەیی بەرزبووەوە و گەیشتە 12400 یەکەی پێوانەکردنی لێڵیی شلە، ئەمەش لە سەرووی توانستی تەکنیکیی وێستگەکانمان بوو بۆ پاڵاوتن، بۆیە ناچار بووین بە شێوەیەکی کاتی کارەکانیان رابگرین".

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە لە کاتی راگرتنی وێستگەکاندا، لە رێگەی عەمبارەکانی شارەوە دابەشکردنی ئاو بەردەوام بووە و تا کاتژمێر 6:00ـی بەیانی ئاو دابەشکراوە. هاوکات سەرجەم بیرەکانی هەولێریش بە ئاسایی و بەردەوامی لە کاردان بۆ دابینکردنی ئاوی گەڕەکەکان.

سەرەڕای دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە ناوچەکە، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر جەختیکردەوە کە هیچ زیانێکی ماددی و تەکنیکی بەر وێستگەکانی ئاوی ئیفراز نەکەوتووە.