پۆلیسی هەولێر کەفالەتی تۆمەتباران سنووردار دەکات

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر سنووردارکردنی ژمارەی دەستەبەری (کەفالەت)ـی بۆ تۆمەتبارانی راگیراو راگەیاند، بە جۆرێک هەر هاووڵاتییەک لە ساڵێکدا تەنیا یەک جار دەتوانێت ببێتە دەستەبەر، بەڵام بڕیارەکە بۆ کەسانی بیانی جیاوازە و دەتوانرێت لە ساڵێکدا سێ جار کاری دەستەبەرییان بۆ بکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 08ـی تشرینی دووەمی 2026، عەقید کامل بەرزەنجی، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەپێی بڕیارێکی نوێ هەر هاووڵاتییەکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا تەنیا یەک جار دەتوانێت دەستەبەری (کەفالەت) بۆ کەسێکی راگیراو بکات.

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، هیچ كەسێك زیاتر لە یەک جار ناتوانێت ببێتە دەستەبەری تۆمەتبار. ئەو کەسەی دەستەبەرى بۆ راگیراوێک دەکات، راستەوخۆ ناوى دەچێتە نێو سیستمێکى ئەلیکترۆنى و جارێکى دیکە ناتوانێت دەستەبەرى بۆ کەسێکى دیکە بکاتەوە.

عەقید کامیل بەرزەنجی روونیکردەوە، ئەم بڕیارە تایبەتە بە دەستەبەریی راگیراوانی ناوخۆ و هاووڵاتییانی بیانی لە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پۆلیس، ئەوانەی دەستەبەری بۆ کەسانی بیانی لە هەرێمی کوردستان دەکەن، هاوشێوەی پێشوو دەتوانن لە ماوەی یەک ساڵدا تاوەکو سێ جار ئەو کارە بکەن.

لە یاساکانی سزادانی عێراق و بنەماکانی دادگاییکردندا، پڕۆسەی دەستەبەری یان کەفالەت یەکێکە لە رێکارە یاساییەکان بۆ ئازادکردنی کاتیی تۆمەتباران تاوەکو کاتی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکانیان لەبەردەم دادوەر. لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی نەبوونی سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی یەکگرتوو، دیاردەیەک لە نێو بنکەکانی پۆلیس و دادگاکان دروست ببوو، هەندێک کەس وەک پیشە و بەرانبەر بە بڕێک پارە دەبوونە دەستەبەر بۆ چەندین تۆمەتبار بێ ئەوەی پێشینەی کەسەکان بزانن. ئەمەش زۆرجار کێشەی یاسایی گەورەی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەتی کاتێک تۆمەتبارەکە هەڵاتووە یان لە کاتی دادگاییکردندا ئامادە نەبووە.

بۆ بنەبڕکردنی ئەم دیاردەیە، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسەوە دەستی بە بەئەلیکترۆنیکردنی پڕۆسەی دەستەبەری کردووە. ئامانج لەم هەنگاوە رێگریکردنە لە قۆرخکاری و پاراستنی مافی یاسایی سکاڵاکاران و رێڕەوی دادپەروەری. هەروەها هۆکاری جیاکردنەوەی هاووڵاتییانی بیانی لەم بڕیارەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، زۆرجار کەسانی بیانی، وەک کرێکاران و فەرمانبەرانی کۆمپانیاکان، بۆ بابەتی نشینگە و مۆڵەتی مانەوە پێویستیان بە کەفالەتی خاوەنکارەکانیان هەیە، ئەمەش وایکردووە رێکارەکان بۆ ئەوان کەمێک جیگڕتر و ئاسانکاریی زیاتری تێدا بێت.