ئاری ئەحمەد: ئەگەر پۆندەکان نەبوونایە زیانەکان گەورەتر دەبوون
دوای شەپۆلی بارانبارین و دروستبوونی لافاو لە بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە هەڵمەتێکی فراوانی خاوێنکردنەوە و خەمڵاندنی زیانەکان کردووە. پارێزگاری هەولێر وادەی تەواوبوونی پڕۆسەی خاوێنکردنەوە و کردنەوەی رێگەکان رادەگەیەنێت، هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆش وادەی ئاساییبوونەوەی دابەشکردنی ئاو ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند: "بۆ رێگریکردن لە لافاو و کەمکردنەوەی زیانەکانی، پێویستە 32 پۆندی دیکە دروستبکرێت؛ ئەگەر ئەو پۆندانەی ئێستاش نەبووایانە، بێگومان زیانەکان زۆر لەوە زیاتر دەبوون کە بینیمان."
ئاماژەی بەوەش کرد کە ساڵانە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولەوە دەست دەکرێت بە خاوێنکردنەوەی کەند و مەنهۆڵەکان و هەموو ئەو شوێنانەی گومانی دروستبوونی لافاویان لێ دەکرێت، پێشوەختە رێڕەوەکانیان خاوێن دەکرێنەوە.
سەبارەت بە گرفتی پچڕانی ئاوی ماڵانیش، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ ئاشکرای کرد: "بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی شێڵووبوونی ئاو، هەریەک لە پڕۆژەکانی ئاوی 1، 2، 3 لەگەڵ
پڕۆژەی ئاوی قەندیل و فریاگوزاری گیرابوون و لە کار وەستابوون، بەڵام پێشبینی دەکەین تا نزیک کاتژمێر 10:00ـی ئەمشەو دۆخەکە ئاسایی بێتەوە و دابەشکردنی ئاو بۆ ماڵان دەست پێبکاتەوە."
لەلایەکی دیکەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "دەست کراوە بە هەڵمەتێکی فراوانی خاوێنکردنەوەی ماڵان و ئەو شوێنانەی بەهۆی بارانبارینەوە زیانیان پێگەیشتووە؛ بەپێی ئەو پلانەی دامانناوە، لە ماوەی 48
کاتژمێری داهاتوودا سەرجەم گەڕەکەکانی ناو شار و دەوروبەری هەولێر بە تەواوی خاوێن دەکرێنەوە و هەموو رێگە داخراوەکانیش بە رووی هاتوچۆدا دەکرێنەوە."
سەبارەت بە دیاریکردنی قەبارەی زیانەکانیش، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد: "لیژنەیەکی هاوبەشمان لە نێوان ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) و دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێکهێناوە تاوەکو سەرجەم زەرەر و زیانی هاووڵاتییان لە ماڵ، دوکان و شوێنە گشتییەکاندا تۆمار بکەن، هەوڵ دەدەین لە کورتترین ماوەدا خەمڵاندنەکان تەواو بکەین تا قەبارەی راستەقینەی زیانەکان دەستنیشان بکرێت." ئەوەشی خستەڕوو کە لە پاڵ زیانی هاووڵاتییان، کەرتی گشتی و ژێرخانی خزمەتگوزاریش زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
لەبارەی هۆکاری دروستبوونی لافاو لە سنووری کەسنەزان، ئومێد خۆشناو روونی کردەوە: "نزیک رێگەی کەسنەزان یەکێک لە پۆندەکان هەیە؛ ساڵی رابردوو ئەو پۆندە لە دەستپێکی
وەرزی بارانبارینەوە تاوەکو وەرزی بەهار ئینجا سەرڕێژ بوو، بەڵام دوێنێ تەنیا لە ماوەی یەک کاتژمێر و نیودا پۆندەکە سەرڕێژ بوو، تەنانەت بە بەرزیی مەتر و نیوێک ئاو بەسەر پۆندەکەدا دەهاتە خوارەوە."
وتیشی: "بەشێکی زۆری ئەو ئاوەی هاتە ناو گەڕەکەکان، لە دەوروبەری شاری هەولێرەوە باریبوو و رژایە ناو کۆڵانەکانەوە، هاوکات لە ناو سەنتەری شاریش بارانێکی زۆر باری."
پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو بارودۆخێکدا لە خزمەتی هاووڵاتییاندایە، هەروەها سوپاسی دەزگاکانی راگەیاندنی کرد بۆ رووماڵی بەرپرسانەیان و دەستخۆشیشی لە تەواوی خۆبەخشان کرد. هاوکات بە خەمبارییەوە رایگەیاند: "بەداخەوە یەکێک لە قوربانییەکان گەنجێکی خۆبەخش بوو کە هاتبوو لەپێناو مرۆڤدۆستیدا گیانی هاووڵاتییان رزگار بکات، بەڵام خۆی لەناو ئاودا خنکا."