کۆنگرێس هەوڵی دوورخستنەوەی هێگسێت دەدات

سەرکردەکانی پارتی کۆماری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا خۆیان بۆ یاخیبوونی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارتەکەیان ئامادە دەکەن، بە مەبەستی دەنگدان لەسەر لێپێچینەوە و دوورخستنەوەی پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا بەهۆی بەردەوامیدانی نایاسایی بە جەنگی دژ بە ئێران.

یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی ئەکسیۆس، دوای شکستی قورسی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی نیوەی خول، تووڕەیی لە ناو پارتەکەدا بە ئاراستەی هێگسێت چڕبووەتەوە، کە وەک رووخساری سەرەکیی جەنگی هەشت مانگەی ئێران دەبینرێت. لەو چوارچێوەیەدا تۆماس ماسی، ئەندامی کۆنگرێس لە پارتی کۆماری پلانی هەیە لەم هەفتەیەدا پرۆژەبڕیارێک بۆ لێپێچینەوە لە وەزیری جەنگ بخاتە دەنگدانەوە بە تۆمەتی "سەرپێچیکردنی کۆنگرێس و بەردەوامیدانی نایاسایی بە جەنگی ئەمریکا لە دژی ئێران."

پەرلەمانتارێکی کۆماری بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە: "هەموو هۆکاری شکستەکەمان لە هەڵبژاردندا ئێران، ئێران و ئێران بوو... نەدەبوو پێش هەڵبژاردنی نیوەی خول بچووینایەتە نێو ئەم جەنگەوە." هەروەها دۆن باکۆن، ئەندامی کۆنگرێس ئاماژەی بەوە کردووە کە هێگسێت کەسێکی خۆشەویست نییە لە کاپیتۆڵ هێڵ و خۆی هێشتا بڕیاری نەداوە دەنگ بە لێپێچینەوە لێی بدات یاخود نا.

لە بەرامبەر ئەم هەوڵانەدا، پێت هێگسێت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) هەوڵی لێپێچینەوەکەی بە شانۆگەری وەسف کرد. لە هەمان کاتدا، شۆن پارنێڵ، سەرۆکی گوتەبێژانی پێنتاگۆن بە ئەکسیۆس گوتی: "هێگسێت پاشەکشە ناکات و سڵ لەو سیاسییانە ناکاتەوە کە بەدوای دەستکەوتی حزبین، وەزارەتی جەنگ بەپێی یاسا هەنگاوی ناوە و هێگسێت بە رێژەی 100% پابەندە بە بەردەوامبوون لە سەرکردایەتیکردنی وەزارەت تا کۆتایی خولی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ."

سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ پێشتر بەرگری لە وەزیری جەنگەکەی کردووە، بەڵام بەپێی راپۆرتەکان پێگەی هێگسێت لە ناو ئیدارەکەدا لەق بووە. لە رووی یاسایی و دەستووریشەوە، تەنانەت ئەگەر ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگ بە لێپێچینەوە لە وەزیری جەنگ بدات، دوورخستنەوەی یەکجارەکیی لە پۆستەکەی پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران دەبێت، کە ئەمەش بەربەستێکی قورسە تەنانەت ئەگەر دیموکراتەکانیش لە مانگی کانوونی دووەمەوە زۆرینەی ئەنجوومەنەکە بگرنە دەست.