هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر

کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ کرایە ئامانج؛ هێرشەکە زیانی گەورەی ماددی بە بەشی بەرهەمهێنانی گازی ماڵان گەیاندووە و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی فراوان و راگرتنی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکەدا.

هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 گوتی: درەنگانی ئەمشەو یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری شارۆچکەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ.

هاوکات ئاشکرای کرد، بەهۆی ئەو هێرشەوە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکەدا بە تەواوی راگیراوە، بەڵام خۆشبەختانە پەلامارەکە هیچ زیانێکی گیانیی لە ریزی کارمەندان و پاسەوانانی کێڵگەکە لێنەکەوتووەتەوە.

سەبارەت بە وردەکاریی شوێنی هێرشەکە، هەرێم جاف ئاماژەی بەوە کرد، ئەو بەشەی کێڵگەکە کراوەتە ئامانج کە پێی دەگوترێت "کێڵگە کۆنەکە"، کە شوێنی بەرهەمهێنانی رۆژانەی گازی ماڵانە (LPG)، کە پێشتر هێرشی لەو شێوەیە بۆ سەر ئەو بەشە دیاریکراوە ئەنجام نەدرابوو، هەروەها بەهۆی هێرشەکەوە ئاگرێکی یەکجار گەورە لەناو کێڵگەکە کەوتووەتەوە و بڵێسەی ئاگرەکە لە زۆربەی ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیانەوە دەبینرێت، هاوکات زیانێکی ماددیی زۆر بەر یەکەکە کەوتووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، تەنیا یەک هێرش ئەنجامدراوە و بەر لە هێرشەکە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ناو کێڵگەکەدا لێدراوە، ئەمەش وای کردووە کارمەندان بتوانن بچنە شوێنە سەلامەتەکان و پەناگەکان، کە بەو هۆیەوە لە زیانی گیانی پارێزراون.

کێڵگەی گازی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵەوە، کۆمپانیای دانەگاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات. 

کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003ـەوە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە ئۆکتۆبەری 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی گاز تیایدا.

کێڵگەی کۆرمۆر دابینکەری لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان واتە بە تێکڕا سێ هەزار و 700 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەرهەمی گازەکەی لە رێگەی لوولەوە رەوانەی وێستگەی کارەبای هەولێر و چەمچەماڵ دەکرێت. یەدەگی ئەو گازە سرووشتییەی لە کۆرمۆردا هەیە بە یەک ترلیۆن و 800  ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.