دەستەی ژینگە: کوردستان باجی گەشەی پیشەسازیی دەوڵەتە زلهێزەکان دەدات

گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بوونەتە یەکێک لە گەورەترین و مەترسیدارترین ئاڵەنگارییە جیهانییەکانی ئێستا ئاسایشی ژینگە، سەرچاوە ئاوییەکان و ژیانی هاووڵاتییان دەخاتە مەترسییەوە، لە کاتێکدا جیهان لە ساڵی 2026ـدا رووبەڕووی شەپۆلێکی توندی لافاو و کارەساتی سروشتی بووەتەوە، هەرێمی کوردستانیش بەهۆی ناسەقامگیریی سیستمی بارانبارینەوە، ساڵانە تووشی زیانی گیانی و ماددیی دەبێتەوە.

یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، سەبارەت بە رەوشی ژینگەی هەرێمی کوردستان، دکتۆر سەنعان عەبدوڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، جەختیکردەوە، بابەتی گۆڕانکاریی کەشوهەوا لە عێراق بە گشتی و لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، بابەتێکی ئێجگار گرنگە و دەبێت لەسەر بەرزترین ئاستی حکوومی و نێودەوڵەتی ئاوڕی لێ ببدرێتەوە.

هاوکات گوتیشی، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بێسنوورن و لە ئەنجامی گەشەی پیشەسازیی دەوڵەتە گەورەکان و بەرزبوونەوەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دروست بوون، بەڵام زیانە راستەوخۆکانی بەر وڵاتەکە دەکەون.

مەترسییە سەرەکییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان

ناجێگیریی رێژەی بارانبارین: لە ساڵانی رابردووەوە تا ئێستا سیستمی بارانبارین لە کوردستان سەقامگیر نییە، ماوەیەک وشکەساڵیی توند روو دەدات و لە ماوەیەکی کورتدا بارانی بەخوڕ دەبارێت.

دروستبوونی لافاوی وێرانکەر: بارانبارینی بەخوڕ لە ماوەی کورتدا دەبێتە هۆی لافاو و کارەساتی سروشتی، کە بەشێکی زۆری ژێرخان و سەرچاوە ئاوییەکان وێران دەکات.

تێکچوونی کوالێتیی خاک و کەمیی سەوزایی: لافاو چینێکی زیانبەخش لەسەر خاک دروست دەکات کە کوالێتیی خاکەکەی لەناو دەبات و رێگری لە گەشەی رووەک و دارستانەکان دەکات.

تێکچوونی سەرچاوە ئاوییەکان: ناڕێکیی بارانبارین و لافاو زیانی راستەوخۆ دەگەیەنن بە بەنداوەکان، پۆندەکان و سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی.

لە بارەی رێکارە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ خۆگونجاندن و بەرەنگاربوونەوەی ئەم دۆخەی گۆڕانکاریی لە کەشوهەوا و رێگریکردن لە رووداوە لە ناکاو و نەخوازراوەکان، دکتۆر سەنعان عەبدوڵا روونیکردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێکاری فرەلایەنی گرتووەتە بەر، بەڵام ئەم ئەرکە پێویستی بە هەماهەنگیی فیدراڵی و هاوکاریی دەوڵەتە پیشەسازییەکان هەیە، بۆیە دەبێت لە رێگەی بەشداریکردن لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکانی کەشوهەوادا، جەختبکرێتەوە، دەوڵەتە پیشەسازییەکان دەبێت بودجە و هاوکاریی دارایی بۆ ئەو وڵاتانە تەرخان بکەن کە زۆرترین زیانی ژینگەییان بەرکەوتووە.

هەروەها دروستکردنی بەنداو و پۆندی نوێ بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاوی لافاو، کاریگەریی مەرترسییەکانی روودانی لافاو کەمدەکاتەوە؛ هاوکات ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەرزدەکاتەوە و مەترسی وشکەساڵی ناهێڵێت، هەروەها کارکردنی هەماهەنگ لە نێوان وەزارەتەکاندا وەک پێکەوەکارکردنی وەزارەتەکانی گواستنەوە، کشتوکاڵ، و سامانە سروشتییەکان بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان لە ناوخۆی هەرێمدا، کە دەبێتە هۆی جێگیربوونی دۆخی کەشوهەوا، ئەمەش وادەکات زیانەکانی ئەو گۆڕانکارییەی روودەدات، کەمبکاتەوە.

گۆڕانکاریی جیهانییەکان بەروارد بە هەرێمی کوردستان

پسپۆڕانی کەشوهەوای جیهانی رایانگەیاند، لافاوەکانی ئەمساڵ دەرئەنجامی چەند هۆکارێکی سەرەکین لەوانە:

 1. گۆڕانی کەشوهەوا: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گۆی زەوی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵمی ئاو لە دەریا و زەریاکاندا، ئەمەش بارانبارینی بەخوڕ و لەناکاو لێ دەکەوێتەوە.

 2. دیاردەی ئێلنینو: کاریگەریی گەورەی هەبوو لەسەر ناسەقامگیریی کەشوهەوای جیهان.

 3. لاوازیی ژێرخانی شارەکان: نەبوونی ژێرخانی پێویست و سیستمی ئاوەڕۆی گونجاو لە زۆرینەی وڵاتاندا، کە ناتوانن بەرگەی بڕی زۆری ئاوی باران بگرن.

 4. تێکدانی سروشت: بڕینەوەی دارستانەکان کە رێگر دەبن لە مژینی ئاو و رێکخستنی رێڕەوی سروشتیی لافاو.

دۆخی هەرێمی کوردستان لە چێوەی گۆڕانکارییە ژینگەیییەکاندا

ئەم هۆشدارییانەی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدان، لە ساڵی 2026ـدا، زیاتر لە 30 وڵاتی جیهان (لە ئەفریقا، ئاسیا، ئەوروپا و ئەمریکا) تووشی لافاوی قورس بوون و زیاتر لە پێنج هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

لەوبارەیەوە شارەزایان دەڵێن ئەو هۆکارانەی جیهانیان تووشی لافاو کردووە، هەمان ئەو مەترسییانەن کە راستەوخۆ هەڕەشە لە شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش دەکەن، بەمەش ئامادەکاریی خێرا و جیدی لە ئاستی هەرێمدا بووەتە پێویستییەکی رۆژانە.