سەرۆکی پێشووی کۆلۆمبیا بە دۆسیەیەکی ئابڕوچوون دەدرێتە دادگا

سەرۆکی دادگای باڵای کۆڵۆمبیا رایگەیاند، گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە بەهۆی سکاڵای ئافرەتێک، کە تۆمەتباری دەکات بە پێدانی گرێبەستی حکوومی لە بەرانبەر پەیوەندیی سێکسیدا لە کاتی سەرۆکایەتییەکەیدا، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

دۆسیەکە دوای ئەوە گەیشتە دادگای باڵا، کە ئەو ئافرەتە سکاڵایەکی پێشکەشی داواکاری گشتی کرد و تێیدا بانگەشەی ئەوەی کرد، خۆی و نزیکەی 30 ئافرەتی دیکە لە بەرانبەر پەیوەندیی سێکسی لەگەڵ پێترۆ، گرێبەستی حکوومییان پێدراوە، بەڵام پێترۆ ئەو تۆمەتانەی رەت کردەوە.

ماوریسیۆ لینیس، سەرۆکی دادگای باڵا بە میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی راگەیاند، بەشێک لەو رووداوانەی باس دەکرێن، دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ماوەیەی کە پێترۆ ئەندامی کۆنگرێس بووە، بەشێکی دیکەشیان پەیوەندییان بەو ماوەیەوە هەیە، کە لە نێوان ساڵی 2022 تا ئابی 2026 سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی کردووە.

لینیس روونیکردەوە، لێکۆڵەران ئەو کردەوانە دەستنیشان دەکەن، کە رەنگە لێکەوتەی تاوانکارییان هەبێت، هەروەها ئەو کەسانەش دیاری دەکەن، کە بەرپرسیارێتیی ئەو بابەتانە دەکەوێتە ئەستۆیان.

لە پێشهاتێکی پەیوەندیدار بەو دۆسیەیەدا، دیسی خیمینێز، کە پێشتر وەک گرێبەستکار لەگەڵ حکوومەت کاری کردووە، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، کە تێیدا لەگەڵ پێترۆ لە پاش پەیوەندییەکی سێکسیی گوایە دەردەکەوێت. گرتە ڤیدیۆییەکە لە سۆشەڵ میدیادا بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەتەوە و تێیدا لە باوەشی یەکتردان و ماچی یەکتر دەکەن.

لەلای خۆیەوە، گوستاڤۆ پێترۆ سەرۆکی پێشووی کۆڵۆمبیا لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: هەرگیز "پێدانی گرێبەستی حکوومی بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازات لەگەڵ هیچ کەسێک بەکار نەهێناوە".

هاوکات یەکشەممە، ئەنتۆنیلا پێترۆ و سۆفیا پێترۆ، کچانی سەرۆکی پێشوو، لە راگەیەندراوێکدا داوایان کرد زیان بەو ئافرەتە نەگەیەنرێت، کە سکاڵاکەی تۆمار کردووە، هاوکات متمانەی خۆیان دەربڕی کە باوکیان بێ دواکەوتن لە بەردەم دادگادا ئامادە دەبێت.

پێترۆ پێشتریش بەهۆی لێدوانەکانی بەرامبەر بە ئافرەتان رووبەڕووی رەخنە بووبووەوە، بەتایبەت کاتێک پێشتر کۆمەڵێک ئافرەتی رۆژنامەنووسی بە "بووکەڵەی مافیا" وەسف کردبوو. سەرۆکی پێشووی کۆڵۆمبیا پێش ئەوەی بگاتە پۆستی سەرۆکایەتی، لە نێوان ساڵانی 1991 تا 2022 بۆ ماوەی پێنج خول ئەندامی کۆنگرێسی کۆڵۆمبیا بووە.