هاوپەیمانیی مەسیحی پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی دەکات

هاوپەیمانیی مەسیحی راگەیەنراوێکی لەبارەی بانگەواز و دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی بڵاوکردەوە و تێیدا وێڕای دەربڕینی پشتگیریی تەواو بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نیشتمانیی فراوان، داوا دەکات دەنگدان بۆ کورسییەکانی کۆتای مەسیحییان تەنیا بە دەنگدەرە مەسیحییەکان سنووردار بکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ی تشرینی دووەمی 2026، هاوپەیمانیی مەسیحی لە راگەیەنراوێکدا پێشوازی لە بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی بۆ گفتوگۆ و کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسی کرد و جەختی کردەوە، پاراستنی بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و قەوارە و دامەزراوەکانی، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و لە سەرووی بەرژەوەندییە حزبییەکان و ناکۆکییە سیاسییەکانەوەیە.

هاوپەیمانییەکە داوای لە هەموو هێزە سیاسییەکان کردووە پشتگیری لەم دەستپێشخەرییە بکەن و بیکەنە رێککەوتنێکی نیشتمانی بۆ پاراستنی یەکێتیی هەرێمی کوردستان لە رووی دەستووری، سیاسی و جەماوەرییەوە، تاوەکو دامەزراوەکان کارا بکرێنەوە و خواست و ئومێدەکانی هاووڵاتیان بەدی بهێنرێت.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هاوبەشیی نیشتمانی بە مسۆگەرکردنی مافەکانی پێکهاتە رەسەنەکان تەواو دەبێت، بەتایبەتی مافەکانی گەلی مەسیحی (کلدان، ئاشووری، سریان و ئەرمەن) و نوێنەرایەتی و هاوبەشیی دادپەروەرانەیان لە حکوومەت و دامەزراوەکانی بڕیارداندا. لەم چوارچێوەیەدا داواکاریی خۆیان نوێ کردووەتەوە بۆ سنووردارکردنی دەنگدان بۆ کورسییەکانی کۆتای مەسیحییان تەنیا بە دەنگدەرە مەسیحییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بەو پێیەی مافەکانیان بنەمای هاوبەشین و نابێت بکرێنە بابەتی مامەڵەی سیاسی.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا، هاوپەیمانیی مەسیحی هەڵوێستە نیشتمانی و مێژووییەکانی سەرۆک بارزانیی بەرز نرخاندووە و جەختی کردووەتەوە کە سەرکردایەتییەکەی لە قۆناخە هەستیارەکانی مێژووی هاوچەرخدا، دەستەبەرێکی راستەقینە بووە بۆ پاراستنی پێکهاتە رەسەنەکان، یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان.