سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پڕۆژەی "رێڕەوی ژیان"ـی بەسەر کردەوە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پڕۆژەی "رێڕەوی ژیان"ـی لە شاری هەولێر بەسەر کردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر پڕۆژەی "رێڕەوی ژیان" کە بە (کۆرنیشی هەولێر) ناسراوە، بەسەر کردەوە کە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و لە نزیکەوە بەداداچوونی بۆ کارەکانی پڕۆژەکە کرد. 

پڕۆژەکە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەکرێت؛ رووبەرەکەی نزیکەی 133 هەزار چوارگۆشەیە.

رۆژی 05ـی تشرینی دووەمی 2025، بەردی بناخەی پڕۆژەکە لە لایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دانراوە و پێکهاتووە لە دروسکردنی کەناڵێکی کۆنکریتی شیشدار بە درێژی یەک کیلۆمەتر و بە پێوانەی 14 مەتر پانی لە بنکەی کەناڵەکە و وە 24.6 مەتر پانی لەسەرەوەی کەناڵەکە و بە قووڵی مەتر مەتر.

لەسەر کەناڵەکەش دوو پردی پەڕینەوەی پیادە بە درێژی 32 مەتر پانی 5.9 مەتر دروست دەکرێن، لەگەڵ رێژەیەکی زۆری سەوزای کە بەنزیکەی دەکاتە 40 هەزار مەتر چوارگۆشە، هەروەها شوێنی رۆیشتنی پیادە و دروستکردنی شوێنی پایسکیل بە درێژی کەناڵەکە و دروستکردنی گۆڕەپان بۆ کۆبوونه‌وە و بۆنەکان و دروستکردنی ژمارەیەک لە رێستورانت و کافتریای و دووکان و چەندین کۆشکی بچووک و شوێنی یاری منداڵان و شوێنی وەرزشی کراوە و داخراو لەخۆدەگرێت.

هەروەها پڕۆژەکە شوێنی نوێژکردن، توالێت، بینای کارگێڕی، سیکۆریتی، شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێل و چەندین شوێنی پشوودانی هاووڵاتییانی تێدایە.