عەلی بیلالی: ئێران مووشەکی پێشکەوتووی بەدیزاینی خۆماڵی بەرهەم دەهێنێت

ئەمڕۆ سێسەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی بیلالی، راوێژکاری فەرماندەی هێزی ئاسمانی و بۆشاییی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، پیشەسازیی مووشەک لە ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی پێشکەوتوو و بە خۆماڵیکردن، هەروەها تاران ئێستا بە پشتبەستن بە تواناکانی خۆی، مووشەکی ورد و پێشکەوتوو بەرهەم دەهێنێت.

عەلی بیلالی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "فارس"ـی ئێرانی گوتی، پیشەسازیی مووشەک لە سەردەمی جەنگی عێراق و ئێراندا دەستی پێکرد، کاتێک شارەکانی ئێران رووبەڕووی بۆردومان دەبوونەوە، روونیکردەوە، حەسەن تارانی کە ئەو کات موقەدەم بووە، یەکەی مووشەکیی دامەزراند و تیمێکی 13 کەسی بۆ وەرگرتنی مەشق لەسەر مووشەکی "سکۆد" رەوانەی سووریا کرد.

ئەو راوێژکارە باسی لەوەش کرد، دوای گەڕانەوەی تیمەکە، ئێران دوو سەکۆی هاوێشتن و 30 مووشەکی لە لیبیا وەرگرت، ئەوەش رێگەی پێدا دەست بە ئۆپەراسیۆنی وەڵامدانەوە بکات، پێش ئەوەی هاوکارییەکانی لیبیا رابگیرێن، ئەمەش وای لە شارەزایانی ئێرانی کرد بە شێوەیەکی خۆماڵی کێشەکان چارەسەر بکەن.

روونیکردەوە، لە 11ـی کانوونی دووەمی 1987 یەکەم مووشەکی "سکۆد" بە شێوەیەکی خۆماڵی هاوێژرا، ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران بە تێپەڕبوونی کات توانی مەودای مووشەکەکانی لە 300 کیلۆمەترەوە بۆ 2000 کیلۆمەتر زیاد بکات و رێژەی هەڵەی پێکانی ئامانجەکانیش لە 20 کیلۆمەترەوە بۆ کەمتر لە پێنج مەتر کەم بکاتەوە.

عەلی بیلال تیشکی خستە سەر پەرەپێدانی مووشەکی تایبەتمەند، لەوانە مووشەکی بالیستیی دژەکەشتیی کە مەوداکەی 500 کیلۆمەترە و بۆ ئامانجگرتنی ئامانجە دەریاییە جووڵاوەکان پشت بە سیستەمی بینایی دەبەستێت، هەروەها ئاماژەی بە مووشەکی "هورمز"ـی دژە راداریش کرد.

جەختیشی کردەوە، پەرەسەندنی پیشەسازیی مووشەکیی ئێران چیتر تەنیا لە ئەندازیاریی پێچەوانەی مۆدێلە بیانییەکاندا نەماوەتەوە، بەڵکو فراوان بووە بۆ دیزاین و بەرهەمهێنانی مووشەکی نوێ کە لەگەڵ پێداویستییە ئۆپەراسیۆنییەکانی هێزە چەکدارەکاندا دەگونجێت.

بە گوتەی ئەو فەرماندەیە، قۆناخە سەرەتاییەکان سەرنجیان لەسەر پەرەپێدانی ئەو مووشەکانە بووە کە ئامانجە جێگیرەکان دەپێکێت، پێش ئەوەی توێژینەوەکان بەرەو بەرهەمهێنانی سیستەمی تایبەتمەند بڕۆن کە توانای رووبەڕووبوونەوەی ئامانجە جووڵاوەکانیان هەبێت، بەتایبەتی کەشتی و کەرەستە دەریاییەکان.

ئەو بەرپرسە سەربازییە روونیکردەوە، پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای خۆماڵی رێگەی داوە مووشەکی مەودادرێژتر و سیستەمی پێشکەوتووتر پەرەیان پێ بدرێت، جەختیشی کردەوە گەمارۆ و سزاکان پیشەسازیی مووشەکیی ئێران راناگرن، چونکە پشت بە توانای ناوخۆیی دەبەستێت.