بەریتانیا.. بە تۆمەتی فرەژنیی هاووڵاتییەک سزای 6 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا
پیاوێکی تەمەن 56 ساڵی بەریتانی، دوای ئەوەی بە بیانووی چوونە سەر کار هاوسەرەکەی جێدەهێڵێت، دەچێتە تایلاند و هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێک دەکات کە 21 ساڵ لە خۆی بچووکترە؛ دوای گەڕانەوەشی بۆ بەریتانیا لە فڕۆکەخانە دەستگیر دەکرێت و سزای 6 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.
دەیڤد کۆرتیس، پیاوێکی تەمەن 56 ساڵی دانیشتووی بەریتانیا، دوای 16 ساڵ هاوسەرگیریی، بە هاوسەرەکەی راگەیاند کە دەچێتە سەر کار و ماڵەوەی جێهێشت، بەڵام راستەوخۆ گەشتی تایلاندی کرد و لەوێ لەگەڵ ژنێکی 21 ساڵ لە خۆی بچووکتر هاوسەرگیریی کرد.
کۆرتیس کە وەک بەڕێوەبەری گرێبەستەکان کاری دەکرد، لە نیسانی 2025 لەگەڵ کێرستیی هاوسەری تەمەن 51 ساڵی نانی ئێوارەیان بە خێزانی خوارد. لە کۆتایی شەوەکەدا بە هاوسەرەکەی گوت کە خۆشی دەوێت و بە بیانووی چوونە سەر کار لە ماڵ دەرچوو، بەڵام ئیتر نەگەڕایەوە.
دوای چەند رۆژێک، کۆرتیس نامەیەکی بۆ هاوسەرەکەی نارد و نووسیبووی، دەیەوێت پشوویەک بە هاوسەرگیرییەکەیان بدەن و بە دۆخێکی دەروونیی سەختدا تێدەپەڕێت. ئاماژەی بەوەش کردبوو کە گەشتێکی جیهانی دەکات و دواتر دەگەڕێتەوە، پاشان هاوسەرەکەی لە سەرجەم تۆڕەکانی پەیوەندی بلۆک کرد. کێرستی دوای ئەوەی بۆی دەرکەوت پاسپۆرتی هاوسەرەکەی لە ماڵ نەماوە، دوای ماوەیەک داواکاریی جیابوونەوەی تۆمار کرد.
دواتر کێرستی زانی کە هاوسەرەکەی چووەتە تایلاند و لەوێ لە شوێنێکی کات بەسەربردن لەگەڵ ژنێکی تەمەن 35 ساڵ بە ناوی کوانتا ساتیپجان پەیوەندیی سۆزداریی دروست کردووە. کۆرتیس لە کاتێکدا هاوسەرگیریی یەکەمی لە رووی یاساییەوە هێشتا بەردەوام بوو، لە تشرینی دووەمی 2025 لەگەڵ ئەو ژنە گەنجە هاوسەرگیریی کرد.
کۆرتیس نەیتوانی هاوسەرگیریی دووەمی لە خێزانەکەی بشارێتەوە و لە رێگەی فەیسبووکەوە کارتی بانگهێشتی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی بۆ نزیکەکانی نارد؛ هاوسەرە نوێیەکەشی وێنەی هاوسەرگیرییەکە و پلانی مانگی هەنگوینیان لە بەریتانیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە.
کێرستی کە لە رێگەی کارتەکانی ئاهەنگەکەوە بە خیانەتەکەی زانیبوو، بە راوێژی پارێزەرەکەی سکاڵای لای پۆلیس تۆمار کرد. کۆرتیس لە 26ی شوباتی 2026 کاتێک گەڕایەوە بەریتانیا، لە فڕۆکەخانەی هیسرۆ دەستگیر کرا. دوای ئەوەی بە تۆمەتی دوو هاوسەرگیری (فرەژنی) دۆسیەی لەسەر کرایەوە، لە یەکەم دانیشتنی دادگادا تۆمەتەکانی رەت کردەوە، بەڵام دواتر دانی بە تاوانەکەیدا نا.
دادگای سزای نۆتینگهام، کۆرتیسی بە تاوانی دوو هاوسەرگیری بە 6 مانگ زیندانیکردن سزا دا، بەڵام جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ ماوەی 18 مانگ راگرت. هەروەها دادگا بڕیاری دا 100 کاتژمێر کاری خۆبەخشانەی گشتی ئەنجام بدات و بڕی 804 پاوەندیش وەک سزا بدات.
کێرستی لە باسکردنی دۆخەکەدا رایگەیاند، کاتێک کارتی بانگهێشتی هاوسەرگیرییەکەی بینیوە تووشی شۆکێکی گەورە بووە و هەستی کردووە 16 ساڵ هاوسەرگیرییان هیچ مانایەکی نەماوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لەو ماوەیەی هاوسەرەکەی ون ببوو، نەشتەرگەرییەکی قورسی بۆ کراوە و دواتریش لەو کارەی کە 20 ساڵ بوو دەیکرد دەرکراوە، جەختیشی کردەوە کە ئەو خیانەتە وایکردووە متمانەکردن بە خەڵک بۆی ئەستەم بێت.