قەتەر: ئەنجامەکانی نێوەندگیرییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ئەرێنین
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، هەوڵەکانی نێوەندگیری بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی نێوان واشنتن و تاران بەردەوامن و هەردوولا وەڵامی ئەرێنییان هەبووە، هاوکات هۆشداری دەدات کە بەردەوامیی داخستنی گەرووی هورمز لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، تێچووی قەیرانەکە دوو هێندە زیاد دەکات.
سێشەممە، 10ی تشرینی دووەمی 2026 وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵەکانی نێوەندگیریی لەنێوان واشنتن و تاران بەردەوامن و وەڵامدانەوەی ئەرێنی لە هەردوو لایەنی قەیرانەکەوە هەیە. راشیگەیاند، دیداری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی ئەرێنی بووە.
وەزارەتەکە جەختی لەوەش کردەوە، ئەوان ماندوونەناسانە کار دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە نادڵنیاییەی کە "نە ئاشتییە و نە شەڕ" لە قەیرانی نێوان واشنتن و تاراندا. هاوکات هۆشداری دا لەوەی نزیکبوونەوەی وەرزی زستان لە کاتێکدا هێشتا گەرووی هورمز گەمارۆ دراوە و داخراوە، تێچووی قەیرانی بەردەوامی نێوان ئەو دوو وڵاتە دوو هێندە دەکات.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، قەتەر سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر سعوودیەی کرد و هاودەنگیی تەواوی حکوومەتی وڵاتەکەی لەگەڵ سعوودیە دووپات کردەوە، هەروەها پشتگیریی خۆی بۆ هەموو ئەو رێوشوێنانە راگەیاند کە شانشینی سعوودیە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی گرتوونیەتەبەر.