عێراق رێگریی لەنیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی کرد
ئەمرۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، دەسەڵاتدارانی عێراق رێگرییان لە نیشتنەوەی فڕۆکەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران کرد لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەسرە بنیشێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو سزایانە بووە کە ئەمریکا بەسەر هێڵی ئاسمانی ئێرانیدا سەپاندووە.
لەوبارەوە ئاژانسی ئیسنای ئێرانی بڵاویکردەوە، هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکی چوار قۆڵی لە بەسرە، بە فڕۆکە بەرەو ئەبادان دەفڕێت و دواتر بە رێگەی وشکانی دەچێتە بەسرە.
هێڵی ئاسمانی ڤارێش کە ئەرکی گواستنەوەی هەڵبژاردەکەی لە ئەستۆدایە، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "سەرەڕای وەرگرتنی رەزامەندی لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق بۆ ئەنجامدانی گەشتێکی راستەوخۆ لە تارانەوە بۆ بەسرە، دەزگاکانی دەوڵەتی عێراق لە کۆتا ساتدا گەشتەکەیان هەڵوەشاندەوە".
ئەم هێڵە ئاسمانییە جەختیکردەوە کە گەشتی تیمەکە بۆ ئەبادان بەپێی خشتەی دیاریکراو بەردەوام دەبێت و دواتر یاریزانان بە رێگەی وشکانی دەگەنە بەسرە. کۆمپانیای ڤارێش نیگەرانیی خۆی لەم رێکارە نائاساییە دەربڕی و رایگەیاند، رێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆخە دەکات.
پاڵەوانێتییەکە بڕیارە لە 9 تا 17ی ئەم مانگە لە یاریگای نێودەوڵەتی بەسرە بە بەشداری هەڵبژاردەکانی عێراق، ئێران، لوبنان و فەڵەستین وەک ئامادەکارییەک بۆ جامی ئاسیای 2027 بەڕێوەبچێت. بەپێی زانیارییەکانی تاران تایمز، ئێران لە یەکەم یاری خۆیدا رووبەڕووی فەڵەستین دەبێتەوە. میدیا وەرزشییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەمە یەکەمجارە لە ماوەی زیاتر لە 25 ساڵدا، هەڵبژاردەیەکی تۆپی پێی ئێران لەسەر خاکی عێراق یاری دەکات.
ئەم کێشەیەی پەیوەست بە گەشتە ئاسمانییەکان، هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و بڕیارەکانی گەنجینەی ئەمریکا. لە 8ـی ئەیلوولدا، واشنتن سزای بەسەر 36 لایەنی پەیوەندیدار بە کەرتی فڕۆکەوانی ئێراندا سەپاند.
لە 25ی ئەیلوول، عێراق گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئێران لە چوار فڕۆکەخانە راگرت، بەڵام دواتر لێخۆشبوونێکی ئەمریکای بەدەستهێنا کە رێگەی بە هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران دەدا، بەدەر لە کۆمپانیای ماهان ئێیر، رۆژانە 40 گەشت بۆ نەجەف بکەن. بەپێی زانیارییەکانی جەزیرە و رۆیتەرز، بەهۆی نەبوونی هەماهەنگی پێشوو، فڕۆکەخانەی بەسرە ماوەیەکی زۆرە هیچ مامەڵەیەکی راستەوخۆی لەگەڵ گەشتە ئاسمانییەکانی ئێراندا نەکردووە.ا