سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی پارێزگار دەکاتەوە

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بانگهێشتی ئەندامانی کرد بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و بە پەلە، بە مەبەستی کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن و دەنگدان بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری نوێی کەرکووک.

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بانگهێشتی سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنەکەی دەکات بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و بە پەلەدا، بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک.

بە گوێرەی زانیارییەکانی سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک، بڕیار وایە کاتژمێر 4ـی پاشنیوەڕۆی سبەی چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا دانیشتنەکە بەڕێوەبچێت؛ کارنامەی سەرەکیی کۆبوونەوەکەش بریتی دەبێت لە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک.

هەر بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی کوردستان24، بەرەی تورکمانی قەحتان وەندیی وەک کاندیدی فەرمیی خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەستنیشان کردووە و، بڕیارە لە دانیشتنە نائاساییەکەی سبەینێی ئەنجوومەنی پارێزگادا دەنگی پێ بدرێت.

رۆژی 10ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کۆبوونەوەیەکدا لە هۆتێل رەشید لە بەغدا، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێک لە ئەندامانی پێکهاتەی عەرەب، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. 

لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەن دەستنیشان کران، کە لە لایەن بەشێکی ئەندامانی عەرەبەوە بریتی لە رەعد ساڵح، محەممەد حافز و زاهیر عاسی پشتیوانییان لێکرا.

هەروەها رۆژی 16ـی نیسانی 2025، رێبوار تەها پۆستی پارێزگاری کەرکووکی رادەستی تورکمان کرد و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک محەمەد سەمعانی بە پارێزگار هەڵبژارد.

پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، محەمەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک، وەک وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی عێراق سوێندی یاسایی خوارد.