هەشتەمین کۆنفرانسی ساڵانەی دەستپێشخەریی عێراق 2026 بەڕێوەدەچێت
پەیمانگەی شاهانەی بەریتانی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی (چاتام هاوس) لە شاری لەندەن، رۆژی چوارشەممە، 11ی تشرینی دووەمی 2026، هەشتەمین کۆنفرانسی ساڵانەی خۆی لەژێر ناونیشانی "کۆنفرانسی دەستپێشخەریی عێراق 2026" ساز دەکات، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی توانای حکوومەتە نوێیەکەی بەغدا بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی لە رووبەڕووبوونەوەی گوشارە ناوخۆیی و ئیقلیمییەکان و بەهێزکردنی سەروەریی نیشتمانی.
کۆنفرانسەکە بە شێوەیەکی هاوبەش ئامادەبوون لە بارەگای پەیمانگەکە لە لەندەن و پەخشی راستەوخۆ لە رێگەی ئۆنلاین بەڕێوە دەچێت و تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە داڕێژەرانی بڕیار لە عێراق و سەرانسەری جیهان، سەرکردەکانی کەرتی بازرگانی، پسپۆڕان و نوێنەرانی کۆمەڵی مەدەنی بەشدار دەبن.
بە گوێرەی بەرنامەی کاری کۆنفرانسەکە، عێراق لە قۆناخێکی چارەنووسسازدایە؛ لە کاتێکدا جەنگی فراوانی ناوچەکە خاڵە لاوازەکانی بەغدای بە تەواوی ئاشکرا کردووە. هێرشەکانی گرووپە چەکدارە نزیکەکان لە ئێران لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق، لەپاڵ لێدان و گورزە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەنێو خاکی عێراقدا، جارێکی دیکە پرسی سەروەریی نیشتمانی و مافی دەوڵەتی لە قۆرخکردنی بەکارهێنانی هێزدا خستووەتە ژێر گومان و پرسیارەوە.
هەروەها ئاماژەی داوە، هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییە ئەمنییانەدا، کێبڕکێی توندی نێوان واشنتن و تاران بۆ باڵادەستی و سەپاندنی هەژموونیان لە گۆڕەپانی عێراقدا توندتر بووەتەوە، ئەمەش وای کردووە کابینەکەی زەیدی بکەوێتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەردوو جەمسەرەکە و پاراستنی سەقامگیری و کەمکردنەوەی زیانەکان.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا، سەرنج دەخرێتە سەر کاریگەریی شڵەژانی بازاڕەکانی وزە و بازرگانی لەسەر ئابووریی عێراق، کە بە تەواوی پشتبەستووە بە داهاتی نەوت. ئەم شڵەژانە بووەتە هۆی دابەزینی داهاتەکانی دەوڵەت و دروستبوونی مەترسی لەسەر دابینکردنی کارەبا، لە کاتێکدا شەقامی عێراقی بەدەست گرانیی بژێوی و بەرزبوونەوەی بێکارییەوە دەناڵێنێت.
کۆنفرانسەکە وەڵامی چەندین پرسیاری بنەڕەتی تاوتوێ دەکات، لەوانە:
- ئایا حکوومەتی نوێی عێراق دەتوانێت لە 100 رۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونیدا چاکسازیی راستەقینە ئەنجام بدات و سەقامگیریی ئابووری بپارێزێت؟
- تا چەند گوشارە ئەمنی، ئابووری و جیۆپۆلەتیکییەکان دەبنە رێگر لەوەی عێراق بڕیاری سەربەخۆ بدات؟
- چ هەنگاوێک پێویستە بۆ دوورخستنەوەی ئابووریی عێراق لە پشتبەستن بە کەرتی ناجێگیری وزە و وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی هاووڵاتییان؟
- بەغدا چۆن دەتوانێت لەنێوان ئاگری گرژییە هەرێمییەکاندا هاوسەنگی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیدا دروست بکات؟