دوای قسەیەکی ترەمپ نرخی نەوت دابەزی و بۆرسەکانی جیهان بەرز بوونەوە
دوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە تێیدا رایگەیاند جەنگ لەگەڵ ئێران بە شێوەیەکی کردەیی کۆتایی هاتووە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ نزمترین ئاستی لە دوای کۆتاییەکانی مانگی ئابی رابردووەوە دابەزی و لە بەرامبەردا بازاڕی پشک و بۆرسە نێودەوڵەتییەکان بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینی.
لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2026، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی نزیکەی 3% دابەزی و گەیشتە 89.66 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە مامەڵەکانی رۆژی دووشەممەشدا بەهۆی دەرکەوتنی ئاماژەکانی هێوربوونەوەی ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نرخەکەی بە رێژەی نزیکەی 6% دابەزیبوو.
ئەم دابەزینەی نرخی نەوی دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی هێورکردنەوەی دۆخەکەی راگەیاند و گوتی: " ئێستا کردەی سەربازی وەک کارێکی زۆر پێویست نابینرێت، هەرچەندە هێزەکانمان لە تەواوی ئامادەباشیدان، بەڵام هاوپەیمانەکانمان لە کەنداو و ئیسرائیل بە تەواوی پارێزراون و پێویست بە گرژکردنی زیاتری دۆخەکە ناکات."
بووژانەوەی بۆرسەکانی ئەوروپا و پشکی هێڵە ئاسمانییەکان
لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بووە هۆی دروستبوونی کەشێکی ئەرێنی لەنێو وەبەرهێنەراندا، بەجۆرێک پێنوێنی سەرەکیی بۆرسەی ئەوروپا (Stoxx 600) بە رێژەی 0.9% بەرز بووەوە و گەیشتە 662.54 خاڵ، کە نزیکە لە بەرزترین ئاستی پێوانەیی خۆی.
هاوکات پشکی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و هێڵە ئاسمانییەکان، بەهۆی ئومێدی دابەزینی تێچووی سووتەمەنی، روویان لە بەرزبوونەوە کرد؛ پشکەکانی کۆمپانیای لوفتهانزا بە رێژەی 1.8% و کۆمپانیای ئێر فرانس-کەی ئێڵ ئێم بە رێژەی 1.2% بەرز بوونەوە. لە لەندەنیش، پێنوێنی سەرەکیی (FTSE 100) بە ڕێژەی 0.4% بەرزبوونەوەی تۆمار کرد، لە کاتێکدا پشکی کۆمپانیا نەوتییە زەبەلاحەکانی وەک "بی پی" و "شێڵ" بە رێژەی زیاتر لە 1.5% روویان لە دابەزین کرد.
دانیێلا هاوسۆرن، گەورە شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە پلاتفۆرمی (Capital.com) لەم بارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد، بازاڕە جیهانییەکان لە بەیانیی ئەمڕۆوە بەهۆی دابەزینی توندی نرخی نەوت و باشتربوونی دیمەنی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە لە بووژانەوەدان، بەڵام جەختیشی کردەوە کە کەمبوونەوەی نرخی وزە یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی گوشارەکانی هەڵاوسان، هەرچەندە هێشتا مەترسییە ئابوورییە بنەڕەتییەکان و رێژەی سوودی بانکی لە چاوەڕوانیی داتاکانی داهاتوودا دەمێننەوە.
ئەم دابەزینەی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا، هاووڵاتییان و شۆفێرانیشی لە وڵاتانی رۆژئاوا دڵخۆش کردووە، بەوپێیەی راستەوخۆ دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی بەنزین و سووتەمەنی لە وێستگەکاندا کە لە چەند مانگی رابردوودا بەهۆی جەنگەوە گەیشتبووە ئاستێکی پێوانەیی.