وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بەهۆی هەڕەشەی ئێران ماڵەکەی چۆڵ دەکات
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایکرد، سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بەهۆی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ژیانی، ماڵەکەی چۆڵکردووە و بۆ بنکەیەکی سەربازی گواستراوەتەوە.
هاوکات رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، هێشتا ئاستی مەترسیی ئەو هەڕەشانەی ئاراستەی بیسێنت کراون روون نییە.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئەمریکا جەختیانکردەوە، توانای ئێران بۆ هێرشکردنی بەرفراوان لەناو خاکی ئەمریکا و ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی وڵاتەکە سنووردارە.
پێشتریش لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا، بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە یاداشتێکدا هۆشداریدابوو، ئێران هەوڵەکانی بۆ بەئامانجگرتنی کارمەندانی ئەمریکی چڕکردووەتەوە و پیلانە کوشندەکانی بۆ سەر ئەمریکییەکان گەیشتوونەتە قۆناخێکی پێشکەوتوو.
سکۆت بیسێنت وەک روخساری دیاری هەڵمەتی فشاری ئابووری دادەنرێت، کە واشنتن لە ماوەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران -کە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە- بۆ سەر تاران پەیڕەوی دەکات.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دوایین بەرپرسی باڵای ئیدارەی ترەمپە کە ماڵەکەی لە واشنتن چۆڵ دەکات، تا لە بنکەیەکی سەربازی یان شوێنێکی نیشتەجێبوونی پارێزراودا جێگیر بێت. ساڵی رابردووش شەش بەرپرس هەمان هەنگاویان نا، لەوانە ستیڤن میلەر، کە ئێستا سەرۆکی فەرمانگەی کۆشکی سپییە، هەروەها بام بۆندی، کە لەو کاتەدا داواکاری گشتی بوو.
سەرەڕای ئەم لێدوانانە، تاران بە تەواوی رەتیکردووەتەوە هیچ پیلانێکی بۆ هێرشکردنە سەر بەرپرسان و کەسانی مەدەنی لەسەر خاکی ئەمریکا هەبێت.