ئەمریکا هۆشداری بە هاووڵاتییانی لە سعوودیە دەدات
نێردەی ئەمریکا لە سعوودیە هۆشدارییەکی ئەمنیی بڵاوکردەوە و داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد، پێداچوونەوە بە رێنماییەکانی گەشتکردن بۆ سعوودیە بکەن و زانیارییە ئەمنییەکان و راسپاردەکانی گەشتکردن بخوێننەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، لە راگەیەندراوەکەی نێردەی ئەمریکادا هاتووە، پێویستە ئەو ئەمریکییانەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان، بەهۆی زیادبوونی هەڕەشەی هێرشی چەکداری لەلایەن حووسییەکانەوە هەوڵەکانی ئێران بۆ بەئامانجگرتنی بەرپرسانی حکوومەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، ئاستی وشیاریی خۆیان بەرز بکەنەوە.
نێردەی ئەمریکا روونیکردەوە، حووسییەکانی سەر بە ئێران دەستیان بە کردەوەی دوژمنکارانە بەرامبەر بە سعوودیە کردووە، لەوانەش هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانە مەدەنییەکان و ژێرخانە گرنگەکانی دیکە، کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییان و دروستبوونی پەککەوتنی زۆر لە گەشتەکاندا.
هاوکات لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو کردەوە دوژمنکارییانە ئەگەری ئەوەیان هەیە بەخێرایی پەرە بسێنن و سنووری ئەو ناوچانە تێپەڕێنن کە ئێستا تێیاندا روودەدەن.