جۆو بایدن: نامەی ماڵئاواییی دۆناڵد ترەمپ لە کتێبە نوێیەکەیدا بڵاودەکاتەوە
جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە نوێترین کتێبیدا، دەقی تەواوی ئەو نامەی ماڵئاواییەی بڵاوکردەوە کە دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2021 لە کۆشکی سپی بۆی بەجێهێشتبوو.
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بڵاویکردەوە، نامەکە لەسەر کاغەزی فەرمیی کۆشکی سپی نووسراوە و بە قەڵەمە رەشەکەی ترەمپ واژۆ کراوە. تۆنی نامەکە زۆر لەو لێدوانانە دۆستانەترە کە ترەمپ دواتر بە ئاشکرا لەبارەی بایدنەوە دەری بڕیبوون.
لەو نامەیەدا کە رۆژنامەکە دەقی تەواوی بەدەستهێناوە، ترەمپ نووسیبووی: "زۆرێک لە سەرۆکەکان هاتوون و رۆیشتوون و وڵاتیان بە سادەیی وەک کۆماری یان دیموکرات بەڕێوەبردووە. ئەوان رێڕەوی مێژوویان نەگۆڕیوە، بەڵکو شەپۆلی بێبەزەییانەی مێژوو ئەوانی بردووە. ئەمە بۆ تۆ روونادات، چونکە دەزانم چەندە خەڵکی ئەمریکات خۆش دەوێت".
کتێبەکەی بایدن بە ناونیشانی "Promise Me, America" بڕیارە 17ـی تشرینی دووەم لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی "لیتڵ، براون ئاند کۆمپانی" بڵاو بکرێتەوە.
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەبارەی کتێبەکەیەوە گوتی: "کتێبەکە ساڵانی سەرۆکایەتییەکەم، ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕوومان بوونەوە، ئەو بڕیارانەی داومن و هۆکاری بڕیارەکانم لەخۆ دەگرێت". هەروەها روونیکردەوە: "ئێمە کێین وەک نەتەوەیەک، باوەڕمان بە چییە و رۆڵی ئەمریکا لە جیهاندا چییە".
مانگی رابردوو، سەرۆکی 46ـەمی ئەمریکا بە بۆنەی مانگی هۆشیاریی شێرپەنجەی پرۆستات، نامەیەکی کەسی لەبارەی تەندروستیی خۆیەوە ئاراستە کرد و هانی پیاوانی دا سەردانی پزیشکەکانیان بکەن بۆ پشکنینی پێشوەختە.
بایدن لە نامەکەیدا نووسیبووی: "کاتێک نەخۆشییەکەمان دۆزییەوە، بۆ ئێسکەکانم بڵاوبووبووەوە. کاتێک شێرپەنجەی پرۆستات زوو دەدۆزرێتەوە، رێژەی مانەوە بۆ پێنج ساڵ نزیکەی 100%ـە".