کەشناسی هەرێم: سبەی پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، کەشی پێشبینیکراوی 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ لە هەندێک ناوچەی شاخاوی ئەگەری پروشکە باران هەیە و بەیانیش ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2026،بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی رایگەیاند، ئاسمان لە کاتەکانی بەیانی تاوەکو دوای نیوەڕۆ نیمچە هەور دەبێت، هاوکات ئەگەری پروشکە باران لەسەر هەندێک ناوچەی شاخاوییە سنوورییە بەرزەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم هەیە، بەڵام لە دوای نیوەڕۆوە ئاسمان بۆ پەڵە هەور دەگۆڕێت. خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت لە نێوان 10 بۆ 15 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و ئاراستەکەی بەرەو باکووری رۆژهەڵات دەبێت، هەروەها مەودای بینین لە نێوان 9 بۆ 10 کیلۆمەتردا دەبێت و پلەکانی گەرماش نزیک دەبنەوە لە تۆمارەکانی دوێنێ.
سەبارەت بە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ بە پلەی سیلیزی، لە گەرمیان 20 پلە و لە هەریەک لە شارەکانی هەولێر، هەڵەبجە، چەمچەماڵ و زاخۆ 17 پلە دەبێت، هەروەها لە دهۆک و ئاکرێ 16 پلە، لە سلێمانی 15 پلە، لە پیرمام 13 پلە و لە حاجی ئۆمەرانیش نزمترین پلە تۆمار دەکرێت کە 4 پلەی سیلیزییە.
دەربارەی کەشوهەوای سبەینێ پێنجشەممە (12ی تشرینی دووەمی 2026)، کەشناسی پێشبینی دەکات ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور بێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش نیمچە هەور بێت. خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت لە نێوان (5 بۆ 10) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بە ئاراستەی باکووری خۆرئاوا، مەودای بینینیش لە نێوان 9 بۆ 10 کیلۆمەتر دەبێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارەکانی ئەمڕۆ کەمێک بەرزدەبنەوە.
بۆ سبەینێ پێنجشەممە، بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بەم شێوەیە دەبن: گەرمیان 21 پلە، هەولێر، هەڵەبجە و چەمچەماڵ 18 پلە، زاخۆ و ئاکرێ 17 پلە، سلێمانی و دهۆک 16 پلە، پیرمام 14 پلە و لە حاجی ئۆمەرانیش 6 پلەی سیلیزی دەبێت.