گۆڵپارێزی غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژرا
ژمارەی کوژراوان گەیشتە 1017 کەس
مەحمود کەمال عەبدولمەلەک گۆڵپارێزی تیپی یەکەمی یانەی غەززەی فەڵەستینی، دوێنێ دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شەقامی ئەلمەغریب لە ناوچەی سەبرا لە باشووری شاری غەززە گیانی لەدەستدا.
یانەی غەززە پەیامێکی سەرەخۆشی بە بۆنەی کۆچی دوایی گۆڵپارێزە تەمەن 20 ساڵەکەی بڵاوکردەوە و پشتی راستیشی کردەوە کە گۆڵپارێزەکەیان لە هێرشێکی ئیسرائیل کوژراوە. عەبدولمەلەک لەم دواییانەدا لەگەڵ یانەکەی لە جامی هەزار شەهید دەرکەوتبوو، کە تیایدا پلەی دووەمیان بەدەستهێنا.
ئەمە دووەم حالەتی کوژرانی وەرزشوانانی فەڵەستینیە لە ماوەی هەفتەی رابردوو، ڕۆژی هەینی رابردووش هەرزەکارێکی فەلەستینی تەمەن 15 ساڵ بە ناوی محەمەد نیدال بەرباخ لە کاتی یاری تۆپی پێ لەگەڵ هاوڕێکانی لە ناوچەی مەواسی خان یونس لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژرا.
تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی فەڵەستین، ژمارەیەکی زۆر لە وەرزشوانانی ئەو وڵاتە بونەتە قوربانی و تاوەکو ئەمڕۆ 11ـی نۆڤێمبەری 2026 نزیکەی 1017 وەرزشوان کوژراون.