فراکسیۆنی پارتی: دروستکردنی هەرێمی جیاواز یان لاوازکردنی پێگەی قەوارەی کوردستان نادەستوورییە
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەگوێرەی ماددەی ١١٧ـی دەستووری عێراق هەرێمی کوردستان کیانێکی یەکگرتوو و دەستوورییە، بۆیە هەر هەوڵێک لە بەغداوە بۆ دروستکردنی هەرێمی جیاواز یان لاوازکردنی پێگەی قەوارەکە، نەک تەنیا پێشێلکردنی راستەوخۆی دەستوورە، بەڵکو پشتکردنە لە مێژووی قوربانیدانی گەلی کوردستان.
ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی رایگەیاند: "ماددەی 117ـی دەستووری فیدراڵی بەروونی، دان بە هەرێمی کوردستاندا دەنێت، وەک کیانێکی دەستووریی یەکگرتوو بە هەموو دەسەڵات و دامەزراوە شەرعییەکانیەوە".
گوتیشی، "پاراستنی ئەم قەوارەیە ئەرکی هەموو لایەکە، بەتایبەت ئەوانەی لە پۆستە باڵا و سیادییەکاندان بە تایبەتی ئەرکی یەکەمی سەرۆککۆماری عێراقە. بۆیە هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردن، لێکترازاندن، یان نەهێشتنی ئەم قەوارەیە، بەزاندنی ئاشکرای دەستوور و بەفیڕۆدانی ئەو خوێن و قوربانیدانە مەزنەیە کە گەلی کوردستان لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانیدا بەخشیوێتی."
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی روونیکردووەتەوە: "ئەرکی نوێنەرانی کوردە لە بەغدا بە تایبەت ئەوانەی لە پۆستە باڵا و سیادییەکانن، بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان بپارێزن، بەتایبەت سەرۆککۆمار، کە بەگوێرەی ماددەی 67 دەبێت هێمای یەکێتیی نیشتمان و پارێزەری دەستوور بێت، هەر هەوڵێک پێچەوانە ئەرکە دەستوورییەکان، پێشێلکردنی دەستوورە".
دانەر عەبدولغەفار جەختیکردەوە: "قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە و بەرهەمی دەیان ساڵ خەبات و ئەنفال و کیمیابارانە، ناکرێت لە پێناو ململانێی سیاسی و دەستکەوتی حزبیی کاتیدا دەستی بۆ ببرێت. پێویستە سەرجەم نوێنەرانی کورد لە بەغدا بەرگریکاری سەرسەختی ئەم کیانە بن، نەک ببنە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی پلانی نەیارانی فیدراڵیزم دژی مافە رەواکانی گەلی کوردستان."