کوشنەر سبەی دەچێتە مۆسکۆ و لەگەڵ پووتین کۆدەبێتەوە

جارێد کوشنەر، نوێنەری ئەمریکا رایدەگەیەنێت، دانوستانەکان بوونەتە هۆی گەیشتن بە رێککەوتن بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەنێوان رووسیا و ئۆکرانیا، هاوکات ئاشکرای دەکات کە سبەی پێنجشەممە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا گەشت دەکات بۆ مۆسکۆ و دواتریش بۆ دیداری زێلێنسکی دەچێتە دبلن.

کوشنەر لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هەردوو لایەنی ئۆکرانیا و رووسیا دەیانەوێت بزانن دۆخەکە لە قۆناخی دوای جەنگدا چۆن دەبێت. روونیشی کردەوە کە رووسەکان جەختیان لەسەر پێویستیی پێشکەوتنی بەرجەستە لە دانوستانەکاندا کردووەتەوە، پێش ئەوەی هەر کۆبوونەوەیەک لەنێوان پووتین و زێلێنسکیدا ئەنجام بدرێت.

نوێنەرەکەی ئەمریکا ئاشکراشی کرد، گفتوگۆیەکی زۆر بنیاتنەریان لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ ئەنجامداوە. هەروەها رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ ویتکۆڤ گەشت دەکات بۆ مۆسکۆ بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا و دوای ئەوەش دەچێتە دبلن بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا.

لەلایەکی دیکەوە و لە چوارچێوەی زانیارییەکانی تایبەت بە بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان، سەرۆکی تیمی دانوستانکاری رووسیا رایگەیاند، دانوستانەکانی ئەبوزەبی لە کەشێکی دۆستانەدا بەڕێوەچوون و تیشکیان خستووەتە سەر کاری جەوهەری بەڵام هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی ئەوروپا لە ئەبوزەبی ئەنجام نەدراوە.

سەرۆکی تیمی دانوستانکاری رووسیا پشتڕاستیشی کردەوە کە گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕێکی نوێ و بەرفراوانی زیندانییەکان و وردەکارییەکان لە داهاتوودا رادەگەیەنرێن، جەختیشی کردەوە کە تاوەکو رێککەوتن نەکرێت، بە ئاشکرا باسی وردەکاریی دانوستانەکان ناکەن.