هەولێر پلانی ستراتیژی و ریشەیی بۆ رێگری لە لافاو جێبەجێ دەکات

 لە پەراوێزی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران، و لە چوارچێوەی هەنگاوە خۆپارێزییەکاندا، کۆبوونەوەیەکی ئامادەکاری بۆ رێگریکردن لە مەترسییەکانی لافاوی پێشبینینەکراو لە پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا جەخت لەسەر دانانی پلانی ستراتیژی و دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی کرایەوە.

  چوارشەممە 11ـی  تشرینی دووەمی 2026 ، لە پەراوێزی سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ دیوانی پارێزگای هەولێر، کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، و بە ئامادەبوونی ژووری ئۆپەراسیۆنی بەڕێوەبردنی قەیران، نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاوەڕۆ، ئاودێری، سەرۆکایەتی شارەوانی، تیمەکانی پارێزگا و ژمارەیەک ئەندازیاری پسپۆڕ بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆیەکی ورد کرا لەسەر هۆکارەکانی کۆبوونەوەی ئاوی باران و لافاوەکانی رابردوو، بەتایبەت ئەو ئاوانەی لە ناوچە بەرزاییەکان و دەرەوەی شارەوە دێنە ناو شاری هەولێرەوە، هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکان و رێکارەکانی پێشوو کرا.

بەگوێرەی راگەیەنراوی پارێزگای هەولێر، چەندان رێچارە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوێکی هاوشێوەی رۆژانی رابردوو خرانەڕوو، لەوانە:

    • چارەسەری درێژخایەن: جەختکردنەوە لەسەر ئامادەکردنی ماستەرپلانی گشتگیری ئاوەڕۆی باراناوی بۆ هەولێر، بەشێوەیەک بتوانێت بە شێوازێکی زانستی ئاوی بارانی شار و دەوروبەری کۆبکاتەوە و ئاراستەی رێڕەوی گونجاو بکات.

    • هاوئاهەنگی دامەزراوەیی: بەهێزکردنی پەیوەندی و هاوکاری نێوان سەرجەم دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەگەری بارانبارینی زۆر.

    • پاراستنی سەلامەتی گشتی: دانانی پلانی پراکتیکی بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییەکان و پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان و ژێرخانی هەولێر.

لە کۆتاییدا، بڕیار درا سەرجەم تیمەکان لە ئامادەباشیدا بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێکی نەخوازراو و رێکاری خێرا بگرنە بەر بۆ رێگریکردن لە هەر حاڵەتێکی دروستبوونی لافاو.